قوباد تاڵەبانی: کۆتایی بەو ستەمە دەهێنین کە بەرامبەر بە عەشیرەتەکانی سنووری بادینان دەکرێت

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، ئەم یەکێتییەی ئێستا بەهێز و خاوەن ئیرادەیە و لە هەموو کات زیاتر ئامادەیە بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورە و دەشڵێت، ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی خەڵک و عەشیرەتەکانی بادینان سزای هێزی دەسەڵاتداری ناوچەكە بدەن.

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە ماڵی مام جەلال لە قەزای دوکان پێشوازی لە ژمارەیەک پیاوماقوڵ و کەسایەتیی ناسراوی عەشیرەتی هەرکی کرد.

لە دوای ئێوارەخوانێک، لە کۆبوونەوەیەکدا قوباد تاڵەبانی بە کەسایەتییەکانی عەشیرەتی هەرکی راگەیاند، وەکچۆن تا ئەو کاتەی مام جەلال لە ژیاندا بوو، ئەم ماڵە ماڵی ئێوە و هەموو عەشیرەتەکانی کوردستان بوو، ئێستا و لە داهاتووشدا، ماڵی مام جەلال ماڵی خۆتانە و ئێوە لەم ماڵەدا نەک هەر میوان نین بەڵکو خۆتان خانەخوێن.

دواتر باسی لە گرنگیی هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند، ئەمجارە لایەنێکی سیاسی ناتوانێت بە ساختەکردنی دەنگی مردوو و ئاوارەوە هەڵبژاردن بباتەوە. ئاماژەی بەوەشدا ئەم یەکێتییەی ئێستا دوای سێ ساڵ لە خۆڕێکخستنەوە، یەکێتییەکەی چەند ساڵ لەمەوبەر نییە، بەڵکو یەکێتییەکی بەهێز و خاوەن بڕیار و ئیرادەیە و لە هەموو کات زیاتر ئامادەیە بۆ تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورە و گۆڕینی شێوازی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی عەشیرەتەکانی کرد و رایگەیاند ئێمە بە وردی ئاگاداری ئەو زوڵم و زۆرەین کە بەرامبەر بە عەشیرەتەکان و هەر کەسێک دەکرێت کە وەک دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بیرناکاتەوە.

وتیشی، “یەکێتی خۆی بە پشتیوان و داکۆکیکاری کۆمەڵانی خەڵک و عەشیرەتەکانی ئەو سنوورە دەزانێت و لە دوای سەرکەوتن لەم هەڵبژاردنەدا کۆتایی بەو ستەم و جیاکارییانە دەهێنێت”.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی خەڵکی بادینان و عەشیرەتەکانی ئەو سنوورە لەڕێی دەنگدانەوە سزای هێزی دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە بدەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پیاوماقوڵ و کەسایەتییەکانی عەشیرەتی هەرکی باسیان لەو زوڵم و ستەمانە کرد کە پارتی لەو سنوورە بەرامبەر بە عەشیرەتی هەرکی و عەشیرەتەکانی زێباری، سورچی، رێکانی، بەرواری، شێروانی، سندی، مزوری و برادۆستی و.. دەیکات و جەختیان کردەوە لەسەر کۆتاییهێنان بەو دۆخە نالەبارەی کە چەندین ساڵە پێوەی دەناڵێنن.

بابەتی پێشتر

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تونس راگەیەندرا

بابەتی دواتر

بەرپرسێكی نەوەی نوێ دەست لەكاردەكێشێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share