قسەی ئیسرائیلییەکان لەبارەی هێرشی زەمینی بۆ ناو خاکی لوبنان

گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئاستێکی مەترسیدار پەرەیان سەندووە، بە جۆرێک ئەگەر کۆتایی پێ نەیەت و ئاگربەست نەکرێت، رەنگە پریشکی جەنگەکە چەند وڵاتێکی دیکەش بگرێتەوە، لەو سەروبەندەشدا هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان یەکێکە لەو پرسانەی باسی لێوەدەکرێت.

ماڵپەڕێکی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسانی ئەمنی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردووەتەوە، لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی کۆدەنگییەک هەیە کە هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان بابەتێکە حەتمییە و پەیوەستە بە کاتەوە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هەرچەندە تا ئێستا بڕیارەکە لەسەر ئاستی سیاسی نەدراوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل ئامادەکاریی بۆ ئۆپەراسیۆنە گەورەکان دەکات لە چوارچێوەی هێرشی زەمینی لە باشووری لوبنان.

سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هێزەکانی بەدرێژایی سنوورەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ لوبنان وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری لەشکرکێشی.

لە کاتێکدا، ئامادەکاری بۆ هەر وەڵامدانەوەیەکی حزبوڵڵای لوبنان دەکرێت دوای هێرشە زەبەلاحەکەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی باشووری بەیروت لە ئێوارەی رۆژی هەینیدا.

هێرزی هالێڤی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا داوای لە هێزە زەمینییەکان کرد کە خۆیان بۆ “چوونە ناو خاکی دوژمن” ئامادە بکەن.

هاوکات، بەگوێرەی راپۆرتی واشنتن پۆست، سەربازان و دانیشتوانی باکوور رایانگەیاندووە، ئامادەن بۆ شەڕکردن بە هەر شێوەیەک کە سەرکردەکانی ئیسرائیل بڕیاری لەسەر بدەن.

بابەتی پێشتر

نوێترین زانیاری لەبارەی بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی نوێنەران پرۆژە یاسایەک لە بەرژەوەندی هاوڵاتییانی کورد پەسەنددەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share