ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: هەفتەی داهاتوو لیستی نوێی راستكراوەی مووچە رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەكرێت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە هەفتەی داهاتوودا لیستی نوێی راستكراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفییان رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەكرێت و لە بەرامبەردا حكومەتی عێراق تەواوكاریی مووچەی مانگەكانی پێشوو بنێرێت كە خەرجكردنی راگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەشبكرێت و ئامادەكاریی پێویستیش بكرێت بۆ مووچەی مانگی 9 كە هاوتای مووچەی ناوچەكانی دیكەی عێراق دابەشبكرێت.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە خرایەڕوو كە گفتوگۆكردن بوو لەسەر ئەنجامەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی وەزاریی فیدراڵی بۆ كاروباری ئابوری و ئەنجومەنی ئابوریی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر و تاوتوێكردنی رێكار و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی ئەو كۆبوونەوە هاوبەشە لە لایەن وەزارەت و فەرمانگە تایبەتمەندەكانی حكومەتی هەرێم، بەجۆرێك هیچ بیانوو و بەهانەیەك بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەهێڵدرێتەوە، بۆ راگرتن و دواخستنی خەرجكردنی شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەكانی پەسەندكراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنەكە و بڕیاری كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كرد، سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجكردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی كوردستان كە بێبەشكرابوون لە وەرگرتنی مووچەكانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفی).

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختكردنەوە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكان بەتایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوكردنی رێكارەكانی هێنانەكایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تاوەكو ئێستا تۆمارنەكراون و رەچاوكردنی تێبینی و سەرنجەكانی دیكە، بەجۆرێك لە نزیكترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی راستكراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفییان رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێت و لە بەرامبەردا حكومەتی عێراق تەواوكاریی مووچەی مانگەكانی پێشوو بنێرێت كە خەرجكردنی راگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەشبكرێت و ئامادەكاریی پێویستیش بكرێت بۆ مووچەی مانگی 9، هاوتای مووچەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.

بابەتی پێشتر

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود پزیشكیان لە دەباشان كۆدەبنەوە

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share