بەرازیل بڕیاری داخستنی بەپەلەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەدات

دادوەرێکی باڵای بەرازیل فەرمانێکی بۆ بەپەلە داخستنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەرکرد.

دادوەرەکە هۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارەی گەڕاندەوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی کە دادگا بۆ دەستنیشانکردنی نوێنەری یاسایی کۆمپانیای جێبەجێکاری تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە بەرازیل دیاریکردبوو.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەو هەنگاوە پەیوەستە بە ناکۆکیی بەردەوام لەنێوان دادوەرێکی دادگای بەرازیل و بازرگان ئیلۆن مەسک-ی خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەروەها بڕیارەکە سڕکردنی هەژمارە داراییەکانی کۆمپانیای ستارلینکیش دەگرێتەوە کە کۆمپانیایەکی تایبەتە بە دابینکردنی ئینتەرنێت لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە.

لە بڕیارەکەدا هاتووە کە مەرجە دەستبەجێ تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە سەرتاسەری وڵاتدا رابگیرێت و سزای دارایی بدرێت بە بڕی 18.5 ملیۆن ریاڵی بەرازیلی کە دەکاتە 3.28 ملیۆن دۆلار و لەگەڵ ئەوەشدا نوێنەری یاسایی کۆمپانیاکە دەستنیشانبکرێت.

بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە لویز ئیناسیۆ لۆلا داسیلڤا، سەرۆکی بەرازیل، رایگەیاندبوو، دەبێت ملیاردێر ئیلۆن مەسک رێز لە بڕیارەکانی دادگا بگرێت.

سەرۆکی بەرازیل باسی لەوەشکرد، هەر کەسێک لەهەر شوێنێکی جیهان وەبەرهێنان لە بەرازیلدا بکات دەبێت ملکەچی یاسا و دەستووری وڵاتەکە بێت، ئەگەر کەسێک پارەیەکی زۆری هەبێت مانای ئەوە نییە بتوانێت بێڕێزی بە یاساکان بکات.

پێش بڕیاری کۆتایی، مەسک لەسەر پلاتفۆڕمەکەی هێرشی کردە سەر دادوەر و بە “دیکتاتۆر” ناوی برد.

هەروەها مەسک بڕیارەکەی پەیوەست بە ستارلینکی بە نایاسایی ناساند و وتی ئەو رێوشوێنە نەشیاوە و سزای خاوەن پشکەکان و هاوڵاتییانی بەرازیلیش دەدات.

یاسای بەرازیل داوا لە هەموو کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت دەکات، نوێنەری یاساییان لە وڵاتەکەدا هەبێت کە بتوانێت فەرمانی دادوەری وەربگرێت و لەڕووی یاساییەوە بەرپرسیاری کاروبارەکان بێت.

 

 

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەك مەترسییەكی بەڕۆژووبوونی پچڕ پچڕ ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

رێوڕەسمی "کوردستان ماتەم بۆ شەهیدانی خیانەتی 31ی ئاب دەگێڕێت" بەڕێوەدەچێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share