عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنەکە کۆبووەوە، ئاماژەی بەوەکرد، بانکەکە رۆژانە زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت و ئەوەش پێویستییەکان داواکارییەکان بۆ مامەڵە دەرەکییەکان دابیندەکات.
پارێزگاری بانکی ناوەندی جەختی لەوەشکردووەتەوە، یەدەگی دۆلاری عێراق کافییە، یاخود بەسە بۆ ئەوەی هاوسەنگی بۆ بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەدیبهێنێت.
ئەوەشی ئاشکراکرد، لە ئێستادا 85%ی گواستنەوەی دەرەکی لە نێوان بانکە عێراقییەکان و بانکە پەیوەندیدارەکاندا ئەنجام دەدرێت بەبێ ئەوەی لە رێگەی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکاوە جێبەجێبکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، قەبارەی ئەو قەرزانەی لە چوارچێوەی دەستپێشخەری خانووبەرەدا دراون دەگاتە 10 ترلیۆن دینار و بانکی ناوەندیی لە ئێستادە پلانی هەیە بۆ دابینکردی دارایی بۆ 32 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ.