ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، پلانێكی بازرگانی بۆ بەدەستهێنانی قەرزبۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان دادەنرێت.
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا، تەواوی بازرگانان و کۆمپانیا بازرگانییەکان ئاگاداردەکاتەوە کە ئەنجومەنی بازرگانی عێراقی- بەریتانی (IBBC) بە هاوکاریی کۆمپانیای دۆلاڤۆن ( Dolavon)، سێ سیمیناری بێبەرامبەر بۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانی عێراق ئەنجامدەدات سەبارەت بە ئامادەکردنی پلانی بازرگانی بە مەبەستی وەرگرتنی قەرز بۆ دابینکردنی دارایی ئەو پرۆژانەی کە بەنیازن جێبەجێیان کەن.
بەپێی راگەیەندراوەکە، دەبێت بەشداربوو لە سیمینارەكە ئامادەبێت کە لە بەغداد یاخود هەولێر، یان لە رێگەی کۆبوونەوەی ئۆنلاینەوە ئەنجامدەدرێت، لینكی ئۆنلاینەكە دواتر دیاریدەکرێت لە مانگی ئابی داهاتووەوە دەستپێدەکات، پێش چەند رۆژێك لە سیمینارەكە رۆژو كات دیاریدەكرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەر سیمینارێک نزیکەی یەک کاتژمێر دەخایەنێت، لە روانگەیەکی پراکتیکییەوە باس لە شێوازی پێدانی قەرزەكە و مەرجەکانی بەدەستهێنانیەتی بۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان.
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی دەڵێت، سیمینارەکان لەلایەن (خۆرخی ڤیا) پێشکەشدەکرێن، کە خاوەنی 15 ساڵ ئەزموونە لەم بوارەدا لەڕێگەی کارەکانی لە بەغداد و هەولێر و سلێمانی لە دابینکردنی قەرزی دارایی بۆ پرۆژەکانی کەرتی تایبەتی عێراق کە هەلی کار و گەشەسەندنی ئابوری دەڕەخسێنن و لە دەستنیشانکردنی پرۆژە قەرزدارەکان لە عێراق کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەكان لەبواری دارایی دەتوانن پشتگیریی دارایی بكەن.