ئۆرۆرا چییە؟

ئەگەر نزیک جەمسەری باکوور یاخود باشوور بیت، رەنگە دیمەنێكی تەواو چاوەڕوان نەکراو ببینیت، كە دەركەوتنی رووناكیی جوان و رەنگاوڕەنگە لە ئاسماندا و پێیدەگوترێت ئۆرۆرا.

ئەگەر نزیک جەمسەری باکوور بیت، پێیدەڵێن گزنگی باکوور یان رووناکیی باکووری، بەڵام ئەگەر نزیک جەمسەری باشوور بیت، پێیدەڵێن گزنگی باشوور یان رووناکیی باشووری.

چی دەبێتە هۆکاری روودانی ئەم دیاردەیە؟
هەرچەندە ئۆرۆرا لە شەودا باشتر دەبیندرێت، بەڵام لەڕاستیدا خۆر هۆکاری دروستبوونیەتی.

خۆر جگە لە گەرمی و رووناکی، وزە و تەنۆلکەی بچووکی زۆرمان بۆ دەنێرێت، بەڵام لە کاتێکدا ئێمە هەر هەستیشی پێناکەین، ئەو بوارە موگناتیسیەی دەوری زەوی داوە، لە بەشێکی زۆری ئەو وزە و تەنۆلکانەمان دەپارێزێت، بەڵام خۆر بەردەوام هەمان بڕ وزەمان بۆ نانێرێت. بەردەوام بای خۆری و زریانی خۆری روودەدەن و لە کاتی روودانی جۆرێک لەم زریانی خۆریانەدا کە بە دەردانی بارستەی تاجیی ناودەبرێت، خۆر بڵقێکی گەورەی گازیی کارەبایی دەردەدات کە دەتوانێت زۆر بە خێرایی بە بۆشایی ئاسماندا بڕوات.

کاتێک زریانێکی خۆری بەرەو روومان دێت، بەشێکی وزە و تەنۆلکە بچووکەکان دەتوانن بە هێڵی بوارە موگناتیسیەکانی جەمسەری باکوور و باشووردا بچنە خوارەوە بۆ بەرگە هەوای زەوی. لەوێوە، تەنۆلکەکان کارلێک لەگەڵ گازەکانی ناو بەرگە هەواکەمان دەکەن و رووناکیەکی جوان لە ئاسماندا بەرهەم دەهێنن. ئۆکسجین رووناکیی سەوز و سوور دروستدەکات و نایترۆجینیش رووناکی شین و مۆر.

س: ناسا
ئا: لانۆ رزگار

بابەتی پێشتر

میدیای یەكێتی: شەڕی سەخت و فراوان لەناو قوڵایی دەڤەری بادینانە و رەخنە لە سلێمانی دەگرن

بابەتی دواتر

پڕۆژەی یەکتربڕی ئارام دەکرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share