مێردمنداڵە ئەشکەنجەدراوەکەی بەغداد بەسەرهاتی دەستگیرکردنی دەگێڕێتەوە

حەمید سەعید دوای ئازادکردنی، لە ماڵەکەی خۆیدا گرتەڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پیشاندەدات، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووبووەوە.

مێردمنداڵێکی عێراقی دوای بێسەروشوێنبوونی بۆ ماوەی 10 هەفتە، لەبەردەم سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی، مستەفا کازمیدا دەرکەوتەوە و کازمی بەڵێنیدا لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا بکات کە ئەشکەنجەیان داوە.

لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی مانگی ئایاری گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد، حەمید سەعید لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و دوای چەند ڕۆژێک گرتەڤیدیۆیەکی بڵاوکرایەوە، کە تێیدا بێڕێزی بەرانبەر دەکرێت و قژی دەتاشرێت.

ڕۆژی شەممە حەمید لە بەندینخانە ئازاددەکرێت، دوای دوو ڕۆژ، بە کڵاوێکەوە لە بەردەم سەرۆکوەزیراندا دەردەکەوێت و کازمی پێی دەڵێت، “هەموو ئەوانەی ئەشکەنجەی حەمیدیان داوە لە ئەرکەکەیان دوورخراونەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت”.

مێردمنداڵە شازدە ساڵەکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وت، “لە مانگی ئایار، ئاوم دەفرۆشت و بەشداری خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتم لە گۆڕەپانی تەحریر دەکرد، لەپڕ بوتڵێک ئاوم لێکەوتە خوارەوە و بۆی چەمیمەوە تاوەکو هەڵیبگرمەوە. لەگەڵ چەمینەوەم، هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەستگیریان کردم و بە بەردهەڵدان تۆمەتباریان کرد”.

مێردمنداڵەکە ئاماژەی بەوە کرد هێزە ئەمنییەکان ئەشکەنجەیان داوە و جلوبەرگیان لەبەردا دڕاندووە، “سەرەڕای تاشینی قژیشی”.

دوای ئازادکردنی، حەمید دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی تەحریر، بەڵام بەهۆی شەڕکردنی لەگەڵ کەسێکدا کە بە دزینی پاسکیلێک تۆمەتباری کردبوو، پۆلیسی بەغداد دەستگیری دەکاتەوە و ماوەی 10 هەفتە بەبێ ئەوەی ڕێگەی پێبدەن پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات، بەندیدەکەن.

چەند ڕۆژێک دوای دەستگیرکردنەوە و ونبوونی، ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی حەمید و سەرتاشینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبێتەوە، خێزان و خزمانی باوەڕیان وابووە ڕووداوەکە تازە ڕوویداوە و بۆشیان ئاشکرابووە لەلای پۆلیس بەندکراوە.

دوای چاوپێکەوتنی کازمی بە حەمید، سەرۆکوەزیران ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “ئەوانەی پێگەکانیان بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر خەڵک، ڕووبەڕووی سزا و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە”.

ڕۆژی سێشەممە، وتەبێژی سەرۆکوەزیران، ئەحمەد مەلا تەڵاڵ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “کازمی بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لە پۆستەکەی لابردووە”.

بابەتی پێشتر

وشەی 'ئەلوو' لە چییەوە هاتووە؟

بابەتی دواتر

قەرەجەکان کێن و بنەڕەتیان چییە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share