هەنگاوە كردارییەكان بۆ دروستكردنی چوار بەنداوی ستراتیژی لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات

ەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێم رایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەیەكدا لە بەغداد دەست بەهەنگاوە كردارییەكان كرا لە جێبەجێكردنی چوار بەنداوی ستراتیژیی لە هەرێم و نۆژەنكردنەوەی سێ بەنداوەکەی هەرێمی كوردستان و دروستكردنی بەنداوی بچووك بۆ كۆكردنەوەی ئاو و لە هەمانكاتدا بە خێرایی تیمی تەكنیكی نێوان هەردوولا پێكهێنرا، بەمەبەستی دابینكردنی تێچووە داراییەكان و جێبەجێیكردنی رێكاری كرداری بۆ هەر سێ ئەو بابەتانەی كە گفتوكۆیان لەبارەوە كرا.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێم رایگەیاند، لەبەر رۆشنایی كۆبوونەوەی پێشوومان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و پێشكەشكردنی پێشنیاز و داواكارییەكانی وەزارەتمان سەبارەت بە پەرەپێدانی ستراتیژیی بەڕێوەبردن و چۆنییەتی سوود وەرگرتن لە سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ عەبدولكەریم حسێن سەرۆكی دەستەی راوێژكارانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووینەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دوایین هەماهەنگی و بەرەوپێشچوونەكانی نێوانمانكرا، لەبەر ڕۆشنایی ئەو داواكاریی و دیكۆمێنتانەی كە پێشكەشمانكردوون، بەمەبەستی خێراكردنی هەنگاوەكانی دروستكردنی چوار بەنداوە ستراتیژییەكەی هەرێم كە بریتییە لە بەنداوەکانی (مەنداوە، دەڵگە، تەقتەق و باكرمان) هەروەها دابینكردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ نۆژەنكردنەوەی هەر سێ بەنداوە گرنگەكەی هەرێمی كوردستان(دوكان، دەربەندیخان و دهۆك)و لە هەمانكاتدا هاوكاریكردنی وەزارەتمان بۆ دروستكردنی بەنداوی بچووكی كۆكردنەوەی ئاو و سوود وەرگرتن لە سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم.

دەشڵێت، “بە سوپاسەوە لەم كۆبوونەوەیەدا دەست بە هەنگاوە كردارییەكان كرا لە جێبەجێكردنی هەر چوار بەنداوە ستراتیژییەكە و نۆژەنكردنەوەی سێ بەنداوە گرنگەكەی هەرێمی كوردستان و دروستكردنی بەنداوی بچووكی كۆكردنەوەی ئاو، لە هەمانكاتدا بەخێرایی تیمی تەكنیكیی نێوان هەردوولا پێكهێنرا، بەمەبەستی دابینكردنی تێچووە داراییەكان و جێبەجێیكردنی رێكاری كرداریی بۆ هەر سێ ئەو بابەتانەی كە گفتوكۆمان لەبارەیەوە كرد”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان: بازرگانێکی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەرمان بە نیو تۆن لەو ماددانەوە دەستگیرکرد

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بازرگانێکی نێودەوڵەتیی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە کە نیو تۆن ماددەی هۆشبەری پێبووە.…
Total
0
Share