ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، تا ئێستا هیچ رێکەوتنێک نەکراوە کە لایەنە کوردییەکان دەنگ بە کام کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بدەن.
چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، دوو رۆژی ماوە بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدانی سەرۆکی ئەنجومەنەکە، ئێمە وەک فراکسیۆنی خۆمان هیچ شتێکمان پێنەوتراوە دەنگ بە کامە کاندید بدەین، پێشبینیدەکەین ئێمە وەک فراکسیۆن ئازادبین لەوەی دەنگ بە کامە کاندید دەدەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا کات لەبەردەم لایەنەکان ماوە خۆیان یەکلابکەنەوە دەنگ بە کامە کاندید بدەن، تەنانەت تا ئێستا لایەنە سوننەکانیش یەکلانەبوونەتەوە دەنگ بە کامە کاندید دەدەن.
بڕیارە رۆژی شەممە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە بەڕێوەبچێت و هەریەکە لە سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی لە رکابەریدان بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە.