رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، جیهان رووبەڕووی کێشەی کەمیی لەدایکبوون بووەتەوە، دوای ئەوەی رێژەی لەدایکبوونی نوێ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و ئیتاڵیا خاوەنی دابەزینی بەرچاوی ژمارەی لەدایکبوونە لەسەر ئاستی جیهان.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە جیهان بە قۆناغێکی دیمۆگرافی نائاساییدا تێدەپەڕێت و لەم نزیکانەدا رێژەی منداڵبوون لە جیهاندا دادەبەزێت بۆ خوار ئەو ئاستەی یەکسانی لەنێوان مردن و لەدایکبووندا دروستبکات.
داتاکان ئەوەیان دەرخستووە، لە پێشتردا کاتێک نێر و مێیەک بڕیاری هاوسەرگیرییان داوە، چوار منداڵ رێژەیەکی نێوەندی منداڵ بووە کە دروستیان کردووە، بەڵام دواتر ژمارەکە بۆ دوو منداڵ دابەزیووە و ئێستا ئەو ژمارەیەش بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.
قەیرانی جیهانیی رێژەی لەدایکبوون پەیوەندی بە دابەزینی ئاستی داهاتی وڵاتانەوە نییە، چونکە دابەزینی رێژەی منداڵبوون تەنانەت دوای ئەو وڵاتە تازەپێگەیشتوانە دێت کە بەهۆی چڕیی زۆری دانیشتووانیانەوە جیا دەکرێنەوە، وەک میسر، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو ژمارەی منداڵە تازە لەدایکبووەکان بە رێژەی نزیکەی 17% کەمیکردووە.
زۆرێک لە وڵاتانی وەک، چین، ژاپۆن، سەنگافورە و تایوان، هەوڵدەدەن کاری جیاواز بکەن بۆ بەدەستهێنانی رێژەیەکی بەرزی گەشەی دانیشتوان. ئەمە لە رێگەی هاندانە داراییەکانەوە بۆ منداڵبوون ئەنجامدراوە، بەڵام ئەوەش دەبیندرێت کە بەو شێوەیە کاریگەر نەبووە.
بۆ ئەوەی بتوانرێت هانی هاوسەرەکان بدرێت بۆ دروستکردنی منداڵ، بیر لە چەندین رێگەی جیاواز کراوەتەوە، پاپا فڕانسیس داوای کردووە کڵێساکان و ئاین بەکاربهێندرێت بۆ زیادکردنی لەدایکبوون بەهۆی ئەو دۆخەی لە ئیتاڵیا دروست بووە.
پسپۆڕانی بواری گەشەپێدان و دیمۆگرافی کە قسەیان بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە، باسیان لەوەکردووە، دابەزینی رێژەی لەدایکبوون لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر وڵاتانی زلهێزی وەک چین و ئەمریکا دەبێت، کە لەوانەیە پێگەی خۆیان لەدەست بدەن.