ئەڵمانیا تانكێك دەدات بە ئۆكرانیا كە بەهۆی خراپییەكەیەوە خۆی بەكاریناهێنێت

ئەڵمانیا جۆرێك تانك دەدات بە ئۆكرانیا كە خۆی بەكاریناهێنێت و ماوەی 12 ساڵە بەهۆی خراپی و كۆنییەكەیەوە خانەنشینیكردووە.

بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەڵمانیا 50 تانكی لیۆپارد – 1 بدات بە ئۆكرانیا، ” Handelsblatt”ی ئەڵمانی وردەكاریی بابەتەكە و تایبەتمەندییەكانی ئەو جۆرە تانكەی بڵاوكردووەتەوە و دەركەوتووە بەهۆی خراپییەكەیەوە، خوودی سوپای ئەڵمانیا ئەو جۆرە تانكە بەكارناهێنێت.

بەپێی وتەی شارەزایانی سەربازی، تانكی لیۆپارد كۆن و لاوازە و چیتر بە كەڵكی جەنگ و شەڕی ئەم سەردەمە نایەت، چونكە پلێتەكەی تەنكە و بەرگەی مووشەك و چەكی دژەتانك ناگرێت، لەوانە ئەو مووشەكانەی سوپای ڕوسیا بەكاریاندەهێنێت.

شارەزایان ڕایانگەیاندووە، سوپای ئەڵمانیا 45 ساڵ ئەو تانكانەی بەكارهێناوە و ماوەی 12 ساڵە تانكی لیۆپاردی خانەنشینكردووە. هەروەك تایبەتمەندییەكانیان ئاشكراكردووە كە لاوازن و بەهۆیانەوە تانكەكە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە، لەوانە تەنكیی پلێتە گولـلەنەبڕەكەی كە بەشی پێشەوەی 70 ملیمەترە و تەنیشتەكانی تانكەكە 60 ملیمەتر و بەشی دواوەشی تەنها 10 ملیمەتر ئەستوورە.

ئەوان دەڵێن، لیۆپارد – 1 تەنانەت بە چەكە دژەتانكە كۆنەكانیش تێكدەشكێندرێت، لە كاتێكدا ئێستا سوپای ڕوسیا مووشەكی كۆرنێت بۆ تێكشكاندنی تانكەكانی سوپای ئۆكرانیا بەكاردەهێنێت كە چەكێكی بەهێزی دژەتانكە و دەتوانێت بە ئاسانی تانكە ئەڵمانییەكە تێكبشكێنێت.

بابەتی پێشتر

بەشی ملیۆنێک کەسە.. ئۆکرانیا ڕوسیا بە ڕێگریکردن لە بارەگەنمێکی میسر تۆمەتبار دەکات

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی دابەزاندنی بەهای دۆلارەوە بڵاودەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share