قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان جددیە بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابوورى بەهێز بۆ شارەکە، چونکە هەموومان بەجۆرێک قەرزاری هەڵەبجەین کەهەرگیز لەئاست ئەو قوربانیدانەیدا نادرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە قوباد تاڵەبانی گەیشتە پارێزگاى هەڵەبجە و لەیەکەم وێستگەشیدا لەبەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدان، تاجەگوڵینەى رێز و وەفادارى بۆ شەهیدانی هەڵەبجە دانا.
دواتر قوباد تاڵەبانی ئامادەى مەراسیمێک بوو لەمۆنۆمێنتی هەڵەبجە کە بە بۆنەى یادی 37 ساڵەى راپەڕینی خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور لە دژى بڕیارى بەزۆر راگواستنیان رێکخرابوو.
هەر لەمیانی سەردانەکەیدا، جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران، لەگەڵ ئەنجومەنى پشتیوانی هەڵەبجە کۆبوویەوە کە لەچەندین کەسایەتی و پیاوماقوڵى هەڵەبجە پێکهاتووە.
لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەى چۆنێتی پەرەپێدان و بوژاندنەوەى شارى هەڵەبجە لەڕووى ئابوورى و خزمەتگوزارییەوە، کەتێیدا ئامادەبووان ژمارەیەک داواکارییان سەبارەت بە چۆنێتی زیاتر خزمەتکردنی شارەکەیان خستەڕوو.