بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایدەگەیەنێت، ” دواخستنی هەڵبژاردن بۆشاییە یاساییەکان لە هەرێم زیاتر دەکات”.
بێستون حەمەساڵح، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هەرزوو هۆشداریمان لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دابوو، چونکە پێمانوابوو بەو هۆیەوە بۆشاییە یاساییەکانی هەرێم زیاتر دەبن، لەکاتێکدا ئێستا سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم شەرعیەتی یاساییان لەدەستداوە.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری، باسی لەوەشکرد، “سەرۆکی هەرێم دوای 15 رۆژ لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردووە، بۆچی پارتی لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا کێشەی لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نەبوو؟ پێویستە روونکردنەوە بدات کە بۆچی سەرەتا بە بڕیارەکانی ئەو دادگایە رازیبوو، بەڵام دواتر بایکۆتی هەڵبژاردنی کرد”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە و، نابێت ئەو پرۆسەیە بکرێتە قوربانی.