د. پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران رایگەیاند، ئەمساڵ بۆ ئاهەنگی دەرچوون، خوێندکاران جگە لە وێنەی دەرچوون ناتوانن هیچ چالاکییەکی دیکە لەناو زانکۆ ئەنجامبدەن.
د. پێشڕەو حەمەجان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ساڵی رابردوو لە کۆتاییەکانی ئاهەنگەکانی دەرچوونی خوێندکاران لەسەر داوای ژمارەیەک خوێندکار پێشنیارێکمان سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکاران بۆ ئەنجومەنی زانکۆ بەرزکردەوە و لە ئەنجومەنی زانکۆ بوو بە بڕیار.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی زانکۆ، ئاهەنگەکانی دەرچوون کە لە رۆژی دووشەممەوە دەستپێدەکەن، خوێندکاران بۆیان نییە خواردن و شیرینی و دیکۆرات بهێننە ناو حەرەمی زانکۆ، هێنانی دیاری و هێنانە ژوورەوەی ئۆتۆمبێل بۆ ناو زانکۆ قەدەغەیە.
ئاشکراشیکرد، بە خوێندکاران راگەیەندراوە کە هێنانی (فلای کام)، رێگەپێدراو نییە، خوێندکاران دەتوانن بێنە ناو زانکۆ وێنەکانیان بگرن و ئەو ماوەیەی پێویستیانە بۆ وێنەگرتن بمێننەوە، دواتر ئازادن لە دەرەوەی زانکۆ چ چالاکی و ئاهەنگێک سازدەکەن.