21 ساڵ لەمەوبەر لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لەناو بەغدادی پایتەخت رووخانی رژێمی بەعس راگەیەندرا.
لە 9ی نیسانی 2003 سوپای ئەمریكا كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی بەغدادی پایتەختی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی جۆرج بۆش-ی سەرۆكی ئەوكاتی ویلایەتە یەكگرتووەكان بڕیاری دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی هاوپەیمانانی لە عێراق دا.
ئۆپەراسیۆنەكە لە 20ی ئازاری هەمان ساڵ بە ئەنجامدانی چەند لێدانێكی ئاسمانی و بەمەبەستی لەناوبردنی رژێمی *بە *عس دەستیپێكرد و لە 9ی نیسان بە لێدان لە وێنەكانی *سە *دام لەلایەن ئەبو تەحسین- یەكێك لە دانیشتووانی شارەكە و رووخاندنی پەیكەرەكەی سەركەوتنی راگەیەنرا.
لە شەڕەكەدا كە لەژێر ناوی (پڕۆسەی ئازادیی عێراق) بەڕێوەچوو، هەریەك لە وڵاتانی (بەریتانیا و ئوسترالیا) هاوكاری ئەمریكا بوون، جگەلە چەند وڵاتێكی دیكە.
دوای كۆنتڕۆڵكردنی بەغداد هێزەكانی ئەمریكا هاوكاریی هێزی پێشمەرگەیان كرد بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی كەركوك و ئەوەبوو لە 10ی نیسان شارەكە كەوتەوە دەست پێشمەرگە.
رزگاربوونی سەدام و دوو كوڕەكەی لە مردن
موزهەر خەربیت، یەكێك لە سەرۆك هۆزەكانی ئەنبار لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعەرەبییە ئاشكرایدەكات لەپاش دەستپێكردنی پڕۆسەی سەربازیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆسەر عێراق لە ساڵی 2003 و دوای نزیكبوونەوەیان لە بەغداد، سەدام حسێن و هەریەك لە عودەی و قوسەی و ژمارەیەك لە یاوەرەكانیان خۆیان گەیاندووەتە ماڵەكەی ئەو.
دەشڵێت، لە نیسانی 2003 لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆردومانی ماڵەكەی كراوە، كاتێك سەدام و كوڕەكانی لەماڵی ئەو بوون، لەو رووداوەدا 18 ئەندامی خێزانەكەی بوونەتە قوربانی، بەڵام لە بۆردومانەكەدا سەدام و كوڕەكانی سەلامەت دەربازیان بووە. بەپێی وتەی سەرۆك هۆزەكە، پاش بۆردومانەكە سەدام و كوڕ و یاوەرەكانی بەرەو هیت ڕۆیشتوون.
دەستگیركردن و لەسێدارەدانی سەدام
بەر لەوەی زۆرینەی ناوچەكانی عێراق بكەوێتەدەست خەڵك و هێزەكانی ئەمریكا سەدام و دارودەستەكەی روویان لە ناوچەكانی دەرەوەی بەغداد كرد و خۆیان حەشاردا. بۆ دۆزینەوەی سەدام و كەسە پلەیەكەكانی رژێمەكەی ئەمریكا خەڵاتی دەیان ملیۆن دۆلاری تەرخانكرد.
لە رۆژی 12ی كانونی یەكەمی هەمان ساڵ دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنیندا لە ناوچەی (كەرادە)ی شاری بەغداد توانیان كەسێك بەناوی (محەمەد ئیبراهیم ئەلسمەت) دەستگیربكەن كە پێشتر پلەی (عەقید)ی هەبوو لە سوپای عیراقدا، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا ناوبراو شوێنی خۆحەشاردانی (سەدام حسێن)ی بۆ هێزەكانی ئەمریكا دركاند و ئێوارەی هەمان رۆژ هێزێكی تایبەتی مارێنزی ئەمریكا بە پاڵپشتیی فڕۆكە جەنگییەكان بەرەو ئەو ناوچەیە بەڕێكەوتن، دوای پشكنین و گەڕانێكی ورد لە ناوچەكەدا بەرەبەیانی رۆژی 13ی كانونی یەكەم توانییان لە چاڵێكی تەنگدا سەدام دەستگیربكەن.
دواتر سەدام لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە 5ی تشرینی دووەمی 2006 سزای لەسێدارەدان هەتا مردنی بەسەرداسەپێندرا و سزاكەش لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا لە 30ی كانونی یەكەمی 2006 جێبەجێكرا.