قائیمقامیەتی سلێمانی لە بارەی فرۆشتنی چەكی مووروو تەقەنییەوە هۆشداری بە فرۆشیاران دەدات.
گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی هەبوونی مەترسی لەسەر سەلامەتی ئەو منداڵانەی یاری پێدەكەن و بەرامبەرەكەیان، لیژنەی یەكی قائیمقامیەتی سلێمانی لەناوچەی قولەرەیسی و چەند ناوچەیەكی دیكەدا، دەستی بەسەر بڕێكی زۆر تەقەنی و چەكی مووروودا گرتووە.
وتیشی، لەگەڵ ئەوەی ئەم جۆرە یارییانە، مەترسی لەسەر منداڵان درووستدەكەن، دەبنە هۆی بێزاربوونی هاوڵاتییان بەگشتی و بەتایبەتی ئەو شوێنە و جێگەیانەی منداڵ بۆ بەسەر بردنی كاتەكانی خۆیان رووی لێدەكەن.
گۆران قادر، هۆشداری بەدایكان و باوكان دەدات و دەڵێت، زیاتر ئاگاداری منداڵەكانتان بن و رێگری لە كڕینی تەقەمەنی و چەكی مورو بكەن، نەهێڵن منداڵەكانیان یارییان پێبكەن لەبەر ئەوەی رووداوی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بە فەرمانی قائیقامی سلێمانی تەواوی ئەو تەقەمەنی و چەكە مورووانە لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبون و لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لەناودەبەن و خاوەنەكانیشیان رووبەڕووی سزا دەكەنەوە.
گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەشڵێت، لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا لیژنە هاوبەشەكان لەئەركدا دەبن و لە هەرشوێنێك ئەو تەقەمەنی و چەكە مورووانە بفرۆشرێن، دەستیان بەسەردا دەگیرێت و فرۆشیارەكەش لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە روبەڕوی رێكاری یاسایی توند دەكرێتەوە.