ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆی كاندیی پارتی گەلی كۆماری-ی گەورە پارتی بەرهەڵستكاری توركیا، سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی دوێنێی سەرۆكایەتیی شارەوانی ئیستانبوڵ-ی گەورە شاری توركیا راگەیاند و ئاشكرایكرد، بە زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ پێش ركابەرەكەی كەوتووە، دوای جیاكردنەوەی 96%ی كارتەكانی دەنگدان.
ئیمام ئۆغلۆ درەنگانی شەوی رابردوو لە لێدوانێكدا بۆ لایەنگرانی رایگەیاند، “سەركەوتنمان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی شارەوانیی بەدەستهێنا” و وتیشی، “ئەوانەی لە پەیامی گەل تێناگەن، لە كۆتاییدا شكستدەهێنن”.
ئیمام ئۆغلۆ كێیە؟
– تەمەنی 53 ساڵە.
– لە گوندی جیفیزلی سەر بە ناوچەی ئەكشابات-ی ویلایەتی تەرابزۆن لەدایكبووە.
– لە زانكۆی ئیستانبوڵ خوێندوویەتی و دەرچووی ساڵی 1994ی بەشی كارگێڕیی كارە.
– هاوسەرگیریی كردووە و خاوەنی سێ منداڵە.
– باوكی دامەزرێنەری لقی تەرابزۆن-ی پارتی نیشتمانی دایك-بووە بە سەرۆكایەتی تورگوت ئۆزال-ی سەرۆك وەزیرانی كۆچكردووی توركیا.
– سەرمایەداری پێشووە و ساڵی 2008 چووەتە بواری سیاسییەوە.
– شیكارانی سیاسی بە ركابەرێكی بەهێزی پۆستی سەرۆكایەتیی وڵات ناویدەبەن.
– بەر لە 10 ساڵ بووەتە سەرۆكی شارەوانیی بیلیك دوزو لە ئیستانبوڵ.
– ساڵی 2019 سەرۆكایەتیی شارەوانیی ئیستانبوڵی گرتەدەست، پاش ركابەرییەكی بەهێز لەگەڵ بیناڵی یەڵدرم-ی كاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان.
– هەمان ساڵ بە دوو ساڵ و نیو بەندكردن سزادرا بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە بەرپرسان.
– ساڵی رابردوو، دادگایەكی دیكە دۆسیەیەكی دژ بە ئیمام ئۆغلۆ كردەوە بە تۆمەتی دەستكاریكردنی تەندەر.
– هەروەك دۆسیەیەكی دیكەی لەسەرە بە تۆمەتی ساختەكردنی گرێبەستی دارایی كۆتایی ساڵی 2015 كاتێك سەرۆكی شارەوانیی بیلیك دوزو بووە و خۆی رەتیدەكاتەوە.
– ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی یانەی (تەرابزۆن سپۆر) بووە لە نێوان ساڵانی 2002 و 2003.