قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و چەند پرسێکی دیکەی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تێیدا جەیمس گۆڵدمان، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی جەختی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە دیاریکراوە کردەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکان بەردەوامن بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و بە تایبەتیش چارەسەرکردنی کێشەی بودجە، جەختیشیلەوە کردەوە، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کێشەی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی بەریتانیای کرد بۆ هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان هەرێم و بەغداد.