حەج و عومرەی هەرێم: دەست بە ئامادەکارییەکانی پرۆسەی حەجی 2026 دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رۆژی پێنجشەممە بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی حەجی 2026، دەست بە تاقیکردنەوەی مورشیدی ئاینی دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی حەجی 2026، رۆژی پێنجشەممە، 13ـی 11ـی 2025 دەست بە تاقیکردنەوەی مورشیدی ئاینی دەکرێت و تاقیکردنەوەکەش لەسەر هەردوو کتێبی (کتاب الحج) منهاج النووی و (کتاب الحج) فقه المنهجی، دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە فەرمانی وەزاریی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێم، لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزا راسپێردراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی مامۆستایانی ئاینی بۆ مورشیدی حەجی ساڵی 2026 و تاقیکردنەوەی هەموو مامۆستایان لەیەک کاتدا ئەنجامدەدرێت و پرسیارەکانیش بۆ هەموو مامۆستایانی بەشداربوو لە هەموو هەرێمی کوردستان یەک پرسیارە و هیچ جیاوازییەک نییە لەیەک کاتیشدا تاقیکردنەوەکە دەستپێدەکات و کۆتایی پێدێت.

راشیگەیاند، تاقیکردنەوەکە لە کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، لە هەرسێ شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئەنجامدەدرێت، بەجۆرێک مامۆستایانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە مزگەوتی (سەواف)، لە پارێزگای هەولێر تاقیکردنەوە دەکەن کە ژمارەیان 150 مامۆستایە و مامۆستایانی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین، لە مزگەوتی (مامۆستا عەبدولکەریم مودەریس) لە شاری سلێمانی تاقیکردنەوە دەکەن و مامۆستایانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە مزگەوتی (جودی) لە شاری دهۆک تاقیکردنەوە دەکەن.

حەج و عومرەی هەرێم باس لەوەشدەکات، ئەمساڵ تۆمارکردنی ناوی حاجییان و مامۆستایانی ئاینی و پزیشکان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن کۆمپانیاکان، بە سیستمی کراوە و هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەبووە لە ماڵی خۆی بێ ئەوەی هیچ بڕەپارەیەک بدات، خۆی بۆ حەجی 2026 ناونووس بکات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لە هەموو هەرێمی کوردستان زیاتر لە 400 مامۆستای ئاینی بە سیستمی ئەلیکترۆنی داواکاری بوون بە مورشیدی ئاینی بۆ پرۆسەی حەجی 2026 پێشکەشکردووە و بڕیارە لە پرۆسەیەکی شەفاف و بەشێوەی تاقیکردنەوە، مامۆستایانی سەرکەوتوو هەڵبژێردرین و هەر مامۆستایەک کۆنمرەی 75% بهێنێت، چانسی دەبێت کە وەکو مورشیدی ئاینی حەج بکات و کەمتر لەو کۆنمرەیە، بەهیچ شێوەیەک بەشدار نابێت لە کێبڕکێی مورشیدی حەجی 2026.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share