ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیەنێت، لە هەمواری یاسای بودجە ئەگەر هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق پابەند بكرێن كە مانگانە مووچەی مووچەخۆران لەكاتی خۆیدا دابەشبكرێت، ئەوا كۆتایی بە كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دێت.
دارا سێكانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پێشتر چەند لایەنێك تێبینییان هەبوو لەسەر یاسای بودجە و بۆ هەرێمی كوردستانیش دەستەواژەی ئینفاقی فیعلی كێشەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروستكردووە و لیژنەیەك لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێكهێندراوە كە گفتوگۆ لەگەڵ لیژنەی دارایی دەكات بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە.
وتیشی، ” تا ئەو كاتەی كێشەكە چارەسەردەكرێت هەرێمی كوردستان داوای قەرز بۆ مووچە لە بەغداد دەكات، بەڵام وەرگرتنی قەرز كێشەكە چارەسەر ناكات و دەبێت لە هەمواركردنەوەی یاسای بودجەدا هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق پابەندبكرێن كە مانگانە مووچەی مووچەخۆران لەكاتی خۆیدا دابەشبكرێت ئەو كات كۆتایی بە كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دێت”.