عێراق لە كۆنگرەی COP28 داوای پێکھێنانی کۆمەڵەیەکی ھەرێمی لە ھەشت وڵاتەکەی کەنداو بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی ئاووهەوا دەكات
ئەمڕۆ كارەكانی خولی 28ەمینی كۆنگرەی لایەنەکانی رێككەوتنی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئاووهەوا (COP28) بە بەشداری سەرۆك و سەركردەكانی زیاتر لە 180 وڵات لە دوبەی دەستیپێكرد.
لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، پێویستە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی دوبەی بۆ ئاووهەوا، گشتگیر و ھاوسەنگ و دادپەروەرانە بێت لەڕووی ھەڵسەنگاندن و ئامانجی جیھانی بۆ خۆگونجاندن لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی ھاوبەش، بەڵام جیاواز و بەپێی توانا و بارودۆخی نیشتمانی ھەر وڵاتێک بۆ بەدیھێنانی گواستنەوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان بەرەو وزەی پاک و نوێبوەوە.
وتیشی، “عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی رێژەی بڵاوبوونەوەی گازەکانی گەرمبوونی زەوی-یان کەمە، بەڵام یەکێکە لە وڵاتە لاوازەکانی جیھان بەرامبەر گۆڕانی ئاووهەوا بەتایبەتی لە کەرتی ئاو و کشتوکاڵدا، لەم چوارچێوەیەشدا وڵات رووبەڕووی قەیرانێکی زۆر گەورەی ئاو بوەتەوە، ئەویش بەھۆی کەمبوەنەوەی گەیشتنی ئاو لە وڵاتانی سەرچاوەی ئاوەکانەوە و کاریگەری گۆڕانی ئاووهەوا و شێوازی ئاودێریی کۆنە، کە بۆتەھۆی ھەڕەشە لەسەر کەلتوری شارستانی و ئێستا و ئایندەی نەوەکانی داھاتوومان”.
هاوکات ئاماژەیکرد بە پێویستیی پێکھێنانی کۆمەڵەیەکی ھەرێمی لە ھەشت وڵاتەکەی کەنداو بۆ رووبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی ئاووهەوا، جەختیشیکردەوە لەسەر گرنگی ھەوڵدانی زیاتر بۆ کارکردنی پێکەوەیی وەک یەک گروپی دانوستاندن و خاوەن ھەڵوێستی یەکگرتوو بۆ ئەوەی ئاستەنگەکانی داھاتووی کەشوھەوای ناوچەکە بۆ جیھان بخەنەڕوو ھەروەھا مافی گەلەکانیان مسۆگەربکەن.
كۆنگرەی COP28
لە دوێنێوە ئیمارات میوانداری كۆنگرەی لایەنەكانی رێككەوتنی چوارچێوەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە گۆڕانی ئاووهەوا (كۆپ 28) دەكات، چاوەڕوان دەكرێت ببێتە پاڵنەری وڵاتان بۆ خێراكردنی هەنگاوەكانی پەنابردنەبەر وزەی پاكژ.
پێگەی پێشانگای (ئیكسپۆ 2020)ی نێودەوڵەتی، كە دەكەوێتە دەروازەی بیابان لە ئیمارەتی دوبەی، بۆ ماوەی دوو هەفتە دەبێتە ناوچەی گەرمی دیپلۆماسیەتی ئاووهەوا، ئیمارات و نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئومێدیان وایە كۆنگرەیەكی مێژوویی بێت بە ئاستی كۆنگرەی پاریسی ساڵی 2015، كە ئەوكات وڵاتان بەڵێنیاندا بە سنوورداركردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ كەمتر لە دوو پلەی سەدی بەراورد بە ئاستی گەرمای ماوەی پێش شۆڕشی پیشەسازی.
سیمۆن ستیل، ئەمینداری جێبەجێكاری رێككەوتنی چوارچێوەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە گۆڕانی ئاووهەوا رایگەیاند، ئەمڕۆ هەنگاوی بچوك دەنێین، لەكاتێكدا چاوەڕوانی هەنگاوی گەورە دەكەین.
بەشێوەیەكی گشتی كۆنگرەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە ئاووهەوا هەر ساڵێك لە كیشوەرێكی جیاواز ئەنجامدەدرێت. بەر لە دوو ساڵ، وڵاتانی ناوچەی ئاسیا-زەریای هێمن بە كۆی دەنگ ئیمارات-یان هەڵبژارد بۆ كۆنگرەی ئەمساڵ.