بەهۆی تانەدان لەلایەن حکومەتەوە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاریدا کارکردن بە چەند ماددەیەکی یاسای بودجە رابگرێت.
دادگای باڵای فیدڕاڵی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “بەهۆی تانەدان لە ماددەکانی (28/چوارەم: ا-ب)، (57/یەکەم/ ج) و (65/ دووەم)، (70/ دووەم)، (71) و (75) لە یاسای ژمارە 13ی 2023 ی بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023،2024،2025) لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە تا بڕیار لەبارەیانەوە دەدرێت کارکردن پێیان رادەگیرێت”.
پێشتر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵای لە دژى ئەو ماددانەی ناو یاسای بودجەی عێراق تۆمارکردبوو و داوایکردبوو کە کارکردن پێیان رابگیرێت.
ئەو ماددانەی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە تانەیان لێدراوە تایبەتن بەو ماددانەی کە لە پەرلەمان گۆڕانکارییان تێدا کراوە، بەڵام هیچ کام لەو ماددانەی نەگرتووتەوە کە تایبەتن بە بودجەی هەرێمی کوردستان.