جوتیارانی هەرێم لە بەغدادەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی وەرگرتنی گەنمەکانیان دەکەن

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان یەکەمین رۆژی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانە، کە لە سەرەتای وەرزی پایزی رابردووەوە هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی زۆرترین و باشترین بەرهەمیان هەبێت، بەڵام بەهۆی بڕیارێکی وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە جوتیاران لەبری رادەستکردنی گەنمەکانیان دەستیان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین کردووە.

عوسمان ئەمین، نوێنەری جوتیارانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەمڕۆ بڕیار بوو لە سەرجەم سایلۆکانی هەرێم دەست بە وەرگرتنی جوتیاران بکرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتییمان لەسەر ئەو بڕەی بۆمان دیاریکراوە، ئێمە لەبری رادەستکردنی گەنمەکانمان دەستمان بە خۆپیشاندان کرد بەشێک لە سایلۆکانیش دەرگایان نەکردووەتەوە.

بە پێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق لە تەواوی هەرێمی کوردستان بڕی 370 هەزار تۆنی گەنمی جوتیاران دەکڕدرێتەوە، لە کاتێکدا ئەمە چارەکێکی ئەو بەرهەمە نییە کە ئەمساڵ جوتیارانی هەرێم کۆی دەکەنەوە.

پێشتر کامەران وریا بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وتبوو، “لە سنووری سلێمانی جوتیاران بۆیان هەیە تەنها 160 هەزار تۆن رادەست بکەن، لە کاتێکدا بڕی بەرهەمی سنوورەکە لەنێوان 700-800 هەزار تۆن دەبێت، کە ئەمەش غەدرێکی گەورەیە لێیان دەکرێت”.

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێک کە پێکهاتوون لە نوێنەرانی جوتیارانی هەرێم بگەنە شاری بەغداد و سبەینێ یەکشەممە بۆ چارەسەری گرفتەکەیان لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆببنەوە، ئەمەش بە وتەی عوسمان ئەمین.

ساڵی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بڕیاریدابوو، ئەو بڕە گەنمەی حکومەتی عێراق نایکڕێتەوە، لە هەرێم و بەهەمان نرخ لەلایەن دوو کۆمپانیای ناوخۆیی (خۆشناو،قەیوان) بکڕدرێنەوە، سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەمساڵدا، نوێنەری جوتیارانی هەرێم وتی، “ئەوەندەی زانیاریمان هەیە ئەمساڵیش ئەو بڕیارە جێبەجێدەکرێت، بەڵام ئەمەش خۆی کێشەی هەی، یەکەم نزیکەی 100 دینارێک بۆ هەر کیلۆیەک کەمتر دەکەوێت، دووەمیش جوتیار درەنگتر شایستە داراییەکانی وەردەگرێت.

بابەتی پێشتر

خاوەنی پاڵاوتگەیەکی سووتەمەنی لە کەرکوک کوژرا

بابەتی دواتر

بڕیاردەری كۆمسیۆنی هەرێم: بەشداری هیچ كار و چالاكی و كۆبوونەوەیەك ناكەم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share