مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا سبەی و جۆ بایدنی سەرۆكی هەڵبژێردراو هەفتەی داهاتوو ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان پێدەدرێت.
كۆشكی سپی ئەمریكا ڕۆژی چوارشەممە 16ی كانونی یەكەم ڕایگەیاند، مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا ڕۆژی هەینی لەمیانەی مەراسیمێكی گشتیدا ڤاكسینی كۆرۆنا وەردەگرێت.
لای خۆیەوە بەرپرسێك لە ئیدارەی جۆ بایدن-ی سەرۆكی هەڵبژێردراو ئاشكرایكرد، بایدن لە هەفتەی داهاتوو ڤاكسینەكەی پێدەدرێت.
ڕۆژی سێشەممە ئەنتۆنی فاوچی، گەورە شارەزای نەخۆشییە گوازراوەكان لە ویلایەتە یەكگرتووەكان وتی، پێویستە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستا و جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراو لە نزیكترین كاتدا ڤاكسینەكە وەربگرن.
لەكاتێكی پێشتری ئەم مانگەشدا بایدن بەڵێنیدا وەرگرتنی ڤاكسینەكە بە ئاشكرا ئەنجامبدات “بۆ ئەوەی هاوڵاتییان لەبارەیەوە دڵنیا بكاتەوە”، هەروەك بەڵێنیشیدا فاوچی لە پۆستەكەیدا بهێڵێتەوە دوای ئەوەی لە مانگی داهاتوودا دەسەڵات دەگرێتەدەست.