ئامارەکان قەبارەی کارەساتەکە پیشاندەدەن
زیاتر لە هەزار کەس لە پاکستان بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە

تا ئێستاش بارانبارین و لافاو لە پاکستان بەردەوامە کە لە مانگی تەمموزی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە، بەپێی ئامارەکان تا ئێستا هەزار کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی دەستەی نیشتمانیی کارەساتەکان، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 119 کەس گیانیان لەدەستداوە بەهۆی لافاوەوە، بەوەش کۆی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە  هەزار و 33 کەس.

لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا باران لە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی پاکستان بەردەوامە، وێنەی شوێن و ماڵە وێرانبووەکان و خەڵکی بێ ماڵ و حاڵی پاکستان میدیاکانی جیهانی تەنیوە.

لافاوەکەی پاکستان زیاتر لە 33 ملیۆن پاکستانیی ئاوارە کردووە، هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن شوێن و خانووی وێرانکردووە.

بەهۆی لافاوەکەوە زیاتر لە 80 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی لەو وڵاتە لەناوچوون و سێ هەزار و 400 کیلۆمەتر لە ڕێگاکان وێرانبوون و 149 پرد ڕووخاون.

دەسەڵاتی پاکستان ئاشکرایکردووە، لافاوەکەی ئەمساڵ دەکرێت بەراورد بکرێت بە لافاوەکەی ساڵی 2010 خراپترین لافاوە لە مێژووی وڵاتەکەدا و زیاتر لە دوو هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

شارەزایانی ژینگە باس لەوەکەدەن لافاوەکەی پاکستان بۆ کاریگەریی زۆری گۆرانکارییەکانی ئاووهەوا دەگەڕێتەوە لەسەر ئەوە وڵاتە، کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی بەرکەوتووە.

بابەتی پێشتر

چێوەی هەماهەنگی كار بۆ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەكات

بابەتی دواتر

"عومەر چاوشین چاوێكی لەدەستداوە و پێویستی بە یارمەتییە"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share