شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی گەیشتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران و سەرۆكی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی كانونی یەكەم بە سەرۆكایەتی شاندی باڵا گەیشتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لەلایەن بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پێشوازیكران.
بڕیارە پاش كۆبوونەوەیەكی نێوان شاندەكە و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بە بەشداری ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كورد، كۆبوونەوەیەك لە هۆڵی دەستوریی پەرلەمان ئەنجامبدرێت و تیایدا قوباد تاڵەبانی ڕونكردنەوە لەبارەی هەڵوێست و بڕیارەكانی حكومەتی هەرێم تایبەت بە پابەندبوون بە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی (قەرزكردن) بدات، جگە لە خستەڕووی خەرجی و داهاتی هەرێم و چۆنیەتی جێكردنەوەی لە پرۆژەیاسای ساڵی 2021دا، كە لەئێستادا لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدایە و هێشتا پەسەندنەكراوە.
لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەراندا، ئاڵا تاڵەبانی، پەرلەمانتاری كورد داوای لە سەرۆكی ئەنجومەن كرد، ڕێگابدات شاندەكەی حكومەتی هەرێم بچێتە پەرلەمان و ڕوونكردنەوە بدات.
ئاڵا تاڵەبانی لەو دانیشتنەدا وتی، “شاندێكی حكومەتی هەرێم لە بەغدادە لە هەفتەی پێشووەوە، هاتوون بۆ جێبەجێكردنی مادەی 7 لە یاسای كورتهێنانی دارایی”.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئەوەشی وت، “هەرێمی كوردستان پابەندە بەوەی داهاتە نەوتییەكان ڕادەست بكات لەڕێگای سۆمۆوە و داهاتە نانەوتییەكانیش ڕادەست بكات، بەڵام تائێستا نەگەیشتووەنەتە ڕێككەوتن و گفتوگۆكان بەردەوامن”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “سەرۆكی شاندەكەی حكومەتی هەرێم ئامادەیە بێتە پەرلەمان و لەم هۆڵە دەستوورییەدا خۆتان گوێی لێبگرن، هەر ڕێككەوتنێكیش لەدەرەوەی یاسا بێت ڕونادات و ڕازی نابن پێی”.