لە هەڵمەتێكی هێزەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانیدا رێگری لە چەندین هەوڵی راوی ماسی كرا و دەیان ماسیی قەبارە جیاواز گەڕێندرانەوە نێو ژیانی سروشتی.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی رایگەیاند، لە شەوێکی تاریك و لە کەشێکی سارد و لەژێر لێزمەی باران و هەورەبروسکەدا مەفرەزەیەكی هاوبەشی بارەگای بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دوکان و بنکەی بنگرد، بە مەبەستی رێگریکردن لە دیاردەی راوکردنی ماسی، دەرچوونێکی مەیدانیان بۆ دەریاچەی دوکان ئەنجامدا.
دەشڵێت، “ئەگەرچی بەهۆی لێزمەی باران و هەورە بروسکە و شەپۆلی دەریاچەکەدا چەند جارێك مەترسی لەسەر ژیانی ئەفسەر و کارمەندانی مەفرەزەکە دروست دەبوو، بەڵام دڵسۆزی بۆ کارەکەیان و خۆشەویستی بۆ سروشت و ژینگە باڵادەستتر بوو لە هەموو مەترسیەکان”.
لەو هەڵمەتەدا توانرا لەماوەی زیاتر لە 10 کاتژمێر مانەوەدا، تەواوی دەریاچەکە بپشکنن و ژمارەیەکی زۆر تۆڕ هەڵبگرنەوە و بە دەیان ماسیی گەورە و قەبارە جیاواز لە تۆڕەکان لێبکەنەوە و دووبارە بخرێنەوە ناو دەریاچەکە، وەك ئەوەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماژەی پێداوە.