گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا مەترسین بۆ لەناوچوونی 40%ی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان

توێژینەوەیەک کە پێگەی “گڵۆباڵ سیتیزن”ی تایبەت بە ئاووهەوا و ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری ئەنجامیداوە، ئاشکرایکردووە،  40%ی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و ئەوانەی بۆ خواردن دەستدەدەن بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەواوە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.

توێژینەوەکە باس لەوەدەکات، “ئەگەر دۆخەکە بە زوویی چاکنەکرێت سەرچاوە سەرەکییەکانی ڕۆژانەمان تەنانەت بۆ دروستکردنی کوپێک قاوە لەدەستدەدەین”.

بەپێی ئەو توێژینەوەیە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەریی هەبووە لەسەر ڕێژەی شێ و زۆربوونی دەرد و نەخۆشییەکانی ئەو بەروبوومانە، هەندێک لە میوەکان ناتوانن لەم بارودۆخەدا بمێننەوە و لەماوەیەکی نزیکدا لەناودەچن.

ئاماژەی بەوەکردووە، لایەنی خراپتری ئەو مەترسییانە ئەوەیە ئەو کۆمەڵگایانەی داهاتیان لەسەر کشتوکاڵە ڕووبەڕووی کێشەی گەورەتر دەبنەوە و هەژاریی توند بەرۆکیان دەگرێت.

دکتۆر باربێرا جویچ کە سەرۆکایەتیی توێژینەوەکەی کردووە دەڵێت، “مەترسیی لەناوچوونی بەروبوومەکان ئێستا بەهۆی ئەوەوەیە ڕێژەی شێ گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە، بەشێک لە میوەکان ناتوانن لەگەڵ بەردەوامیی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا هەڵبکەن”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا دەبنەهۆی گۆڕانکاری لە دەرد و نەخۆشییەکان ئەوەش کاریگەریی گەورە لەسەر میوە و بەروبوومەکانی دیکە دروستدەکات”.

ئەو بەروبوومانەی لە توێژینەوەکەدا ئاماژەیان پێکراوە کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە بریتیین لە، جۆرەکانی ڤانێلا، لۆکە، فاسۆلیا، کولەکە، بیبەری توون، تەماتە، مۆز، پرتەقاڵ، قۆخ، زەنجەبیل و ژمارەیەکی دیکە لە بەروبوومەکان.

جەختیشیکردووەتەوە، ئەگەر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا بەردەوامبێت لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، دەبێتەهۆی زۆربوونی کۆچکردن بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەواوە.

توێژینەوەکە هۆشداری بە هەر تاکێک دەدات، “ئەگەر بەزوویی گۆڕانکاری دروستنەکەین، کوپە قاوەکەی بەیانیانمان، یان پارچە چۆکلاتەکەی ئێوارانمان بەرەو نەمان دەچێت بەهۆی کاریگەرییە وێرانکارییەکانی ئاووهەواوە”.

 

 

 

بابەتی پێشتر

لە 50 ڕۆژدا 250 هەزار منداڵ لە میسر لەدایكبوون

بابەتی دواتر

عێراق سنوورەكانی بە ئەلۆڤێرا دەچێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share