زۆرجار خۆشبەختی دەگۆڕێت بۆ ژیانێکی تەندروست، روونە ئەگەر هەموو فاکتەر و مەرجە نەرێنییەکان پشتگوێ بخرێن، مرۆڤ دەتوانێت چێژ لە ژیانێکی ئارام وەربگرێت، خۆشبەختی بڕیارە، مرۆڤ دەتوانێت مێشکی خۆی رابهێنێت بۆ ئەوەی سەرنجی لەسەر هەموو لایەنە ئەرێنییەکان بێت، بەدوای شتە باشەکانی ژیانیدا بگەڕێت و سەیری هەموو هەڵە یان کەموکوڕییەکان نەکات لە هەموو کارێکدا کە دەیکات یان رووبەڕووی دەبێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن کۆمپانیای HealthShots بڵاوکراوەتەوە، گەشبین بوون بە داهاتوو دەتوانێت مرۆڤ دڵخۆشتر و تەندروستتر بکات .
سەبارەت بە بەختەوەری، دکتۆر ڕیشی گاوتام پسپۆڕی تەندروستیی دەروونی و پەروەردەکاری کلینیکی لە قوتابخانەی پزیشکیی زانکۆی جۆنز هۆپکینز لە شاری بالتیمۆر دەڵێت، “دەروونناسی ئەرێنی سەرنج دەخاتە سەر هێزی ناوەوەت و سیفەتەکانی کەسایەتیت کە دەبێتە هۆی دڵخۆشی و تەندروستی، وەرزشکردن، پێکەنین، پەیوەندی و دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی خۆشەویستی و گرنگیدان بە کەسێک ئەو چالاکییانەن کە دەردانی ئەندۆرفینەکان لە مێشکدا زیاد دەکەن، گوێزەرەوە دەمارییە ناوخۆییەکان کە هاندەری بەختەوەرییە و بە شێوەیەکی باو بە “هۆرمۆنی دڵخۆشی” ناسراون.
هەبوونی تێڕوانینێکی گەشبینانە بۆ ژیان و خۆشی و بەختەوەری یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی تەندروستیی دڵ، کەمکردنەوەی مەترسی جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ، باشترکردنی خەو، رێگریکردن لە دەستپێکردنی لەدەستدانی بیرەوەری، یارمەتیی خواردنی تەندروست دەدات، هەروەها رێگرە لە قەڵەوی و کێشەی ئازاری درێژخایەن و هەوکردنی جومگەکان.
بەختەوەری ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان ئاسانتر دەکات، پاڵنەر زیاد دەکات بۆ تەواوکردنی ئامانجەکان، یارمەتیی پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی هاوبیر دەدات، کارکردنی بەرگریی لەش باشتر دەکات و بە گشتی دەبێتە هۆی تەمەنی درێژتر.
دروستکردنی بەختەوەری لە ژیانی رۆژانەدا پێویستی بەم شتانەی خوارەوە هەیە:
1- گرنگیدان بە خاڵە بەهێزەکان
یەکەم هەنگاو بۆ گرنگیدان بە خاڵە بەهێزەکان بریتییە لە دەستنیشانکردنی ئەو سیفەتە کەسایەتیانەی کە پارێزەرن، بۆ نموونە ئەگەر داهێنان هێزی مرۆڤ بێت، ئەوا پێویستە هەر هەفتەیەک چەند خولەکێک یان چەند ڕۆژێک لە هەفتەیەکدا تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئامانجدار چالاکیت هەبێت، دەتوانێت وێنەکێشان بێت، فێربوونی مۆسیقا، یان خواردنێکی نوێ دروستبکەیت.
2- هەوڵبدە هەست بە سوپاسگوزاری بکەیت
پراکتیزەکردنی سوپاسگوزاری و قەدرزانی دەتوانێت ئەزموونێکی زۆر ئارامکەرەوە بێت بۆ دەروون، هەوڵدان بۆ ئاگادارکردنەوە و وتنی سوپاسگوزاری بەرامبەر بەو شتانەی کە لە ژیانتدا هەن دەتوانن رۆڵێکی باشیان لە هەستی بەختەوەریدا هەبێت.
3- نووسینی بیرۆکەکان
ئەمە رێگەیەکی زۆر باشە بۆ تەرکیزکردن و دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ زیادکردنی گەڕانەوەی سۆزداریت.
4- پەرەپێدانی توانا ئەرێنییەکان
شتە باشەکەی دەروونناسیی ئەرێنی ئەوەیە کە دەتوانرێت فێری بیت، دەتوانرێت دەروون رابهێنرێت بۆ پەرەپێدانی زەین و گوێگرتن و دیدگا و دواتر ئەم هۆشیارییە وەک ئامرازێکی چارەسەرکردنی کێشە کە هاوکاریی نێوان کەسەکان لە شوێنی کار یان ماڵەوە باشتر دەکات.
5- میهرەبان بە
دەستێوەردانەکانی دەروونناسی ئەرێنی کە سەرنجیان لەسەر هاوسۆزیە دەتوانن کردارێکی سادە بن وەک کڕینی دیارییەکی سادە وەک دەربڕینی خۆشەویستی بۆ کەسێک، خۆبەخشیکردن بۆ دۆزی باش، بەخشین، یان یارمەتیدانی کەسێکی نامۆ کە پێویستییەتی. میهرەبانی هەستکردن بە دڵخۆشی و ئەرێنی بەرەوپێش دەبات و دەتوانێت مرۆڤ لە رووی جەستەییەوە تەندروستتر بکات.
6- هەبوونی ئەزموونی مانادار
یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چی مانادارە بۆ مرۆڤ لە ژیاندا و بۆچی، و دەتوانێت چی بکات بۆ بەدەستهێنانی شتە گرنگەکانی ژیان، کەسێک کە ئامانج و چاوەڕوانی ڕوون و ئاشکرای هەبێت، زیاتر هەست بە دڵخۆشی و ڕازیبوون دەکات.
7- هێزی خەیاڵی ئەرێنی
پرۆفیسۆر گاوتام لە کۆتایی ئامۆژگارییەکانیدا دەڵێت، ئەگەر مرۆڤ چاوەکانی دابخات و ڕۆژێکی جوانی لە خەیاڵدا بێت و بیر لەوە بکاتەوە کە حەز دەکات لە کوێ و لەگەڵ کێ بێت و بیەوێت چی بکات، ئەم جۆرە تاقیکردنەوە کورتەی بیرکردنەوە توانایی بەرز دەکاتەوە روانگەیەکی دڵخۆشی و ئەرێنیبوون دروستدەکات.