ئەمڕۆ لە قەزای تارمییەی سەر بە بەغدادی پایتەخت شەڕ لەنێوان گروپی چەکدارانی داعش و سوپای عێراق روویدا بەو هۆیەوە چوار سەرباز کوژران و ژمارەیەکیش برینداربوون.
بەیانی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی پاراستنی رێورەسمی یادی ئیمام کازم هێزێکی سەر بە سوپای عێراق لە قەزای تارمییە هێرشیانکردە سەر مۆڵگەیەکی سەر بە چەکدارانی داعش و سێ چەکداریان کوشت کە یەکێکیان پشتوێنێکی بۆمبڕێژکراوی لەخۆی بەستبوو بە نیازبوون لەناو زیارەتکارانی ئیمام کازم خۆی بتەقێنێتەوە.
لەدوای کوژرانی ئەو چەکدارانە، رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەنێوان ژمارەیەک چەکداری دیکە و ئەو هێزەی سەر بە سوپای عێراق لەهەمان قەزا روویدا.
لە ئەنجامی شەڕەکەدا تا ئێستا چوار سەربازی سەر بە سوپای عێراق کوژراون کە یەکێکیان ئامر فەوجێکە بە پلەی موقەدەمی روکن و چوار سەربازی دیکەش برینداربوون.
هاوکات چوار چەکداری دیکەش برینداربوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیا عێراقییەکان بڵاوکراوەتەوە، تا ئێستا شەڕەکە بەردەوامی هەیە و کۆتایی نەهاتووە.