وادەی كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئاشكراكرا

ئەركی ئەو هێزانەی لە عێراق دەمێننەوە دیاریدەكرێت

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا وادەی كەمكردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق بەپێی دوایین بڕیاری ئیدارەی واشنتن ئاشكرادەكات.

جەنەڕاڵ فرانك ماكێنزی، فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی كانونی یەكەم وتی، كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق پلانی بۆ دانراوە تا ناوەڕاستی كانونی دووەمی داهاتوو بگەیەنرێتە ئەنجام.

وتیشی، كاردەكەن لەسەر دیاریكردنی سنووری ئەركی ئەو هێزانەی لە عێراق دەمێننەوە لەگەڵ دیاریكردنی جۆری ئەو هاریكارییەی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەربارەی پڕۆسەكانی ئایندە پێشكەشی دەكات.

جەنەڕاڵ ماكێنزی ئەوەشی خستەڕوو، ویلایەتە یەكگرتووەكان هیچ كێشەیەك لە كەمكردنەوەی هێزەكانیدا نابینێتەوە و بەردەوامیش دەبێت لە كاركردن لەگەڵ هاوبەشەكانیدا لە ناوچەكەدا.

بڕیارە ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە عێراق لە 3000ەوە بۆ 2500 سەرباز كەمبكرێتەوە ئەمەش دوای ئەوەی لە 17ی تشرینی دووەمی ڕابردوو وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پەنتاگۆن) ڕایگەیاند، دوو هەزار سەرباز لە ئەفغانستان و 500 سەربازیش لە عێراق بەر لە كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ،ی سەرۆكی ئێستا دەكشێنێتەوە.

فەرماندەكەی ئەمریكا ئەوەشی ئاشكراكرد كە هاوپەیمانی ناتۆ ڕۆڵێكی فراوانتری لەسەر زەمینی ناوچەكەدا دەبێت.

بابەتی پێشتر

وەزیری نەوت: ئیکسۆن مۆبیل پشکی خۆی لە کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قەرنە نافرۆشێت

بابەتی دواتر

ئامارە فەرمییەکان: قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق زیاترە لە 43 تریلیۆن دینار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share