ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەردەم بانكی ناوەندی لە بەغداد، خۆپیشاندان دژی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار رێكخرا.
خۆپیشاندەران كە ژمارەیان سەدان كەسە و بەشێكیان لە شارەكانی دیكەوە روویان لە شەقامی رەشیدی بەغداد كردووە، داوای دابەزاندنی بەهای دۆلار دەكەن.
لە دروشمەكانیاندا خۆپیشاندەران داواكارن حكومەت رێكاری ئابوریی بەپەلە بگرێتەبەر و نرخی فرۆشتنی دۆلار بگەڕێندرێتەوە بۆ ئاستی فەرمی و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران بكرێت.
جگە لەو دروشم و داواكارییانە، خۆپیشاندەرانی بەغداد لە رێگەی بڵندگۆوە داوا لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران دەكەن، لە بەردەم گەلدا گرتنەبەری رێكاری راستەقینە بۆ سووككردنی قەیرانی نرخەكان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕ رابگەیەنێت.