فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی كەمیی كارەبا و زیادكردنی بڕی كارەبای بەرهەمهێندراو، لە ساڵی رابردوودا وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم چەندین یەكەی نوێی بەرهەمهێنانی كارەبای دامەزراندووە و بەهۆی چاكسازیی لەم سێكتەرە، توانیوویەتی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا زیادبكات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم لە زاری پێشڕەو نووری، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئاماژەی بە هەنگاوەكانی چاكسازیی و سیانەكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژەی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی كارەبای لە ماوەی ساڵی 2022دا كرد كە بە وتەی بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی كارەبای وەزارەت لە ساڵی رابردوودا دوو یەكە لە وێستگەی بازیان بە توانای 500 مێگاوات دامەزراوە لە ئێستاشدا 95%ی كارەكانی تەواوبووە.
راشیگەیاند، “یەكێكی دیكە لە كارەكان دەستكردنە بە دامەزراندنی (combine cycle ) لە وێستگەی بازیان بە توانای 250 مێگاوات كارەبا كە لەو وێستگەیە سوود لە گەرمی دەرچوو لە گزۆزەكانی تۆرباینەكانی تری وێستگە لە كاتی ئیشكردن وەردەگیرێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بە هەمان شێوەی وێستگەی بازیان لە وێستگەی گازی خۆرمەڵەش دەستكراوە بە كارەكانی دیزاین و ڕووپێوكردن لە وێستگەی گازی خورمەڵە بۆ دامەزراندنی (combine cycle ) بە توانای 500 مێگاوات كە ئەویش بە سوود وەرگرتن لە گەرمی دەرچوو لە گزۆزەكانی تۆڕباینەكانی تری وێستگە لەكاتی ئیشكردندا.
راشیگەیاند، لە ساڵی رابردوودا كارەكانی دامەزراندنی گەورەترین وێستگەی وزەی خۆر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان لەناو زانكۆی دهۆك تەواوكران بە توانای دوو مێگاوات كە لە ڕۆژی 21 كانوونی یەكەمی 2022دەستی بە بەرهەمهێنان كرد، كە پێكهاتووە لە سێ هەزار و 782 پەنەڵی وزەی خۆر لە سەر رووبەری 20 هەزار و 400 مەتر دووجا”.
وتیشی، چوار وێستگەی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا كە وەستابوون و كاریان نەدەكرد نۆژەنكراونەتەوە و دووبارە بە سووتەمەنییەكی زۆر هەرزان كار دەكەن بە جۆرێك كە تێچووی بەرهەمهێنان بە شێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، وێستگەكانیش بریتین لە وێستگەی 51 مێگاواتی تاسڵوجە، وێستگەی 29 مێگاواتی هەولێر، وێستگەی 29 مێگاواتی سلێمانی و وێستگەی 29 مێگاواتی دهۆك كە لە 90%ی كارەكانیان تەواوبوون.