بافڵ تاڵەبانیی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هاوڕێ لەگەڵ شاندێك، سەردانی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانی كرد لە شاری هەولێر.
لە دیدارێكدا كە ئێوارهی ئهمڕۆ چوارشهممه 9ی كانونی یەكەم بەڕێوەچوو، گفتوگۆكرا لەبارەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و دەرئەنجامەكانی كۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان یەكێتی و پارتی و گۆڕان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد.
تەوەرێكی تری دیدارەكە گفتوگۆكردن سەبارەت بە سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و كێشەی موچە و بژێوی هاوڵاتییان، لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی جەختیكردەوە كە هەموو هەوڵەكانی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ گەیشتن به ڕێككەوتنی هەرێم و بەغداد و چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان و ئەنجامدانی چاكسازیی ڕاستەقینەی ڕیشەیی لە هەرێمی كوردستان.
لای خۆیەوە مامۆستا عەلی باپیر ڕایگەیاند، ئەنجامنەدانی چاكسازیی ڕاستەقینە ئایندەی هەرێمی كوردستان بەرەو ئاقارێكی خراپ دەبات و ئهگەر چارەسەرێكی ڕیشەیی نەكرێت ئەوا نائارامیی گەورەتر دروست دەكات.
مامۆستا عەلی باپیر هیوای خواست هاوسەرۆكانی یەكێتی ڕۆڵی خۆیان بگیڕن لە فشار خستنە سەر حكومەت تا بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكەن.