تیمی وەزاریی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ناردنی 400 ملیار دینارەكە لەسەر بنەمای رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان بووە و كارێكی ناڕەوایە ناردنی ئەو پارەیە بكرێتە دەستكەوتی تاكە كەس.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆتاییدا دووپاتیدەكەینەوە؛ مایەی دڵخۆشیی ئێمە و دەستخۆشییەكی زۆرە بۆ حكومەتی فیدراڵ و هەموو ئەو كەسانەی بەشدار بوون لە دەرچوواندنی ئەم بڕیارە راست و دروستە، بەڵام كارێكی ناڕەوایە بكرێتە دەستكەوتی تاكە كەس و لەم بابەتانەش وەك هەمیشە تاكڕەوی بچەسپێندرێت بە پەراوێزخستنی راستییەكان.
لە راگەیەندراوەكەی تیمی وەزاریی یەكێتیدا هاتووە، “ئێمە بە توندی راگەیەندراوەكە كە بەناو حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە دەربارەی 400 ملیار دینارەكە رەتدەكەینەوە، چونكە ئەوەی باسكراوە لەو راگەیەندراوە بێڕێزیيە بەرامبەر تیمەكەمان و ئێمە وەك بەشێكی سەرەكی ئەم حكومەتە رایدەگەیێنین كە بە هیچ شێوەیەك ئەوە راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو دووبارە تەعبیركردنە لە ڕای یەك حزبی ناو حكومەت و هەر ئەو جۆرە تاكڕەویەشە كە ئێمەی نیگەرانكردووە و وای لێكردووین هەڵوێستمان هەبێت.