بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین بڵاویكردووەتەوە، هێزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین دوو تۆمەتباریان بە تۆمەتی خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیيەكان دەستگیركرد كە هەڕەشەیان لە كچێك كردبوو ئەگەر پارەیان پێنەدات وێنە و ڤیدیۆی بڵاودەكەنەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە وتێیدا هاتووە، “دوای تۆماركردنی سكاڵا لەلایەن هاوڵاتییەكەوە لە رەگەزی مێ لەسەر تۆمەتباری نادیار كە بە وتەی سكاڵاكار تۆمەتبار لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڕەشەی لێكردووە لە بەرامبەر بڵاونەكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەكانی پارەی لێوەرگرتووە”.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە رێكخرا بڕیاری دادوەر بە دەستهات دواتر لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین (مكافحە) دەستكرا، بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد دوای بەدەستهێنانی زانیاریی پێویست توانرا لە كاتی پێدانی پارە و دوای ڕووبەڕووبوونەوە، دوو تۆمەتبار دەستگیركران.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا لەبەردەم دادوەر و پۆلیسدا دانیان نا بەتاوانەكانیاندا، دواتر دادوەر بڕیاریدا بە راگرتنی تۆمەتبارانی ناوبراو بەپێ ماددەی دوو لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن.