دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پەخشی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە شاری سلێمانی لە نوسینگەی سەرەکییەوە ڕاگیرا، وەزارەتی ڕۆشنبیری دەڵێت، هۆکاری ڕاگرتنی پەخشی کەناڵەکە، “هەڵسوکەوتکردنی نابەرپرسانەی کەناڵەکەیە لەم کاتەدا”.
وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێم لە ڕێگەی بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردەوە ڕایگەیاندووە، “لەبەر پابەندنەبوونی كەناڵی ئێن ئاڕ تی بە رێنمایی تایبەت بە رێكخستنی بواری میدیای بیستراو و بینراو، بەتایبەتی هەڵسوكەوتكردنی نابەرپرسانەی لەم كاتەدا كە دوورە لەیاسا و لۆژیك و پێچەوانەی ماددەی سێیەم/بڕگەی سێیەمە لەرێنمایی رێكخستنی فریكوینسی سپەیس لەهەرێمی كوردستان (رێنمایی مۆڵەتی تەلەفزیۆن و رادیۆ)، ناوبردنی هێزە ئەمنیەکان بە میلیشیا، چەتە و رێگر دوای ئەوەی چەندین جار ئاگاداركراوەتەوە لەبێباكیان لەچەندبارەبوونەوەی سەرپێچییەكان، پشت بەستن بە فرمانی دادوەر پاڵپشت بە رێنمایی ئاماژەپێكراوی سەرەوەو گشت بڕیار و یاساكانی تری پەیوەست بەم پرسە، بڕیارماندا بە راگرتنی پەخشی ئاسایی كەناڵی ئێن ئاڕ تی بۆ ماوەی یەك هەفتە ”
بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە ئەم چەند خاڵەی وەک ڕێنمایی داخستنی کەناڵەکە ڕاگەیاندووە.
– راگرتنی پەخشی ئاسایی كەناڵی یەكەمی ئێن ئاڕ تی بەهەموو جۆرە پەخشەكانیەوە (پەخشی سەتەلایت، پەخشی DVBT، پەخشی ئۆنلاین).
– لەبری پەخشی ئاسایی پێویستە بۆ ماوەی یەك هەفتە، بەچاپكراوی لەسەر سكرینی تەلەفزیۆنەكەیاندا هەواڵی راگراتنی پەخشی ئاساییان وەكو خۆی بە پیتی گەورەو سپی لەسەر سكرینی رەشدا بڵاوبكەنەوە. (لەگەڵ ئەم فەرمانەدا دەقەكەی هاوپێچكراوە).
– پێویستە كەناڵەكە لەكاتژمێری 11.30ی دووشەممە رێكەوتی 7/12/2020 پەخشی ئاسایی رابگرێت تاكو كاتژمێر 11.30ی یەكشەممە رێككەوتی 13/12/2020.
لەباری جێبەجێنەكردنی ئەم فەرمانە، بەپێی رێنمایی و رێكارە یاساییەكان، كەناڵەكە رووبەڕووی لێپرسینەوەی قورستر دەبێتەوە