هێرشکاری سەر دوو مزگەوتەکەی نیوزلەندای ساڵی 2019 لەلایەن دادگای وڵاتەکەوە سزاکەی تێهەڵچوونەوەی بۆ کرا و بڕیاردرا تا کۆتایی تەمەنی لە زیندان بمێنێتەوە و هیچ لێخۆشبوونێک نەیگرێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، “برینتۆن تارانت ئەو هێرشبەرەی لە رۆژێکی هەینی ساڵی 2019 لە ماوەی کەمتر لە یەک کاتژمێردا بە چەک هێرشیکردە سەر دوو مزگەوت و لە ئەنجامدا نزیکەی 50 کەسی کوشت و 20ی دیکەشی بریندارکرد و گرتە ڤیدیۆی رووداوەکەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە، لە دوای دەستگیرکردنی لەلایەن دادگاوە 51 تۆمەتی کوشتن و 40 تۆمەتی هەوڵی کوشتنی ئاراستەکراوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “دادگای نیوزلەندا لە مانگی ئابی ساڵی 2020 بڕیاریدا بە توندترین شێوە سزای بدات کە خۆی لە زیندانیکردنی تا کۆتاییی تەمەنی دەبینێتەوە بێ ئەوەی هیچ جۆرە لێخۆشبوونێک یان سووکردنی سزاکەی بیگرێتەوە”.
باسی لەوەش کرد، “لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا تارانت تانەی لە بڕیارەکەدا و داوای تێهەڵچوونەوەی کرد، بەڵام دیسانەوە بڕیاری تێهەڵچوونەوەکەی هەمان بڕیاربوو و هیچ سووکردنێکی سزاکەی تێدانەبوو”.
سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی، ئەمە بۆ یەکەمجارە لە وڵاتی نیوزلەندا جێبەجێبکرێت و بە توندترین سزا لە وڵاتەکەدا دەژمێردرێت.