وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی حەڤدەیەمینی زانكۆی كۆیە كرد و ڕایگەیاند، پێشكەوتنی شاری كۆیە و زانكۆكەی خەونی شەهیدان و دڵسۆزانی ئەم شارەیە و ڕاشیدەگەیەنێت، كچان ڕێژەی 57%ی خوێندكارانی زانكۆ پێكدەهێنن.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، بە سەرپەرشتیی د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی حەڤدەیەمینی زانكۆی كۆیە لە هۆڵی فاكەڵتیی پەروەردەی وەرزشی زانكۆی كۆیە بەڕێوەچوو، لەم خوولەدا (969) دەرچوو لە (30) بەشی زانستی جیاجیا بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان پێبەخشرا.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند،”دیارترین خەسڵەتی زانكۆی كۆیە بریتییە لە فراوانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و كارایی تۆڕی هەماهەنگی و پەیوەندیی زانستی لەگەڵ زانكۆ و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی جیهان، بۆ ئەمەش دەستخۆشییان لێدەكەین كە ئەمساڵ توانییان گرانتێكی نێودەوڵەتی لە ڕێگای Academy British بە هاوبەشیی لەگەڵ زانكۆی ئەڵستەری بەریتانی بە بڕی زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلار بەدەستبهێنن، ئەم گرانتە تایبەتە بە توێژینەوەكانی بواری سیاسەتی ئابوریی پەروەردە و پەرەپێدانی تواناكان لە بواری توێژینەوەكانی تایبەت بە پەروەردە لە كوردستان، ئەم هەنگاوەتان جێگەی دەستخۆشییە و سوپاسی بریتش ئەكادیمی و زانكۆی ئەڵستەر دەكەم كە هاوكار بوون لەسەرخستنی ئەم دەستپێشخەرییە”.