عەلی حەمەساڵح: شاسوار عەبدولواحید نزیكەی 83 ملیار دیناری حكومەتی لایە

عەلی حەمەساڵح

عەلی حەمەساڵح لەبارەی ئەو قەرزانەی لەسەر شاسوار عەبدولواحیدن دەڵێت، نزیكەی 83 ملیار دیناری حكومەت و نزیكەی 30 ملیۆن دۆلاری قەرزی خەڵكی لە ئەستۆدایە و نایداتەوە.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، “دەسەڵات چۆن شۆڕشی دزی، نیشتمانی دزی و خەڵكی بێئومێد كرد، دەیەوێت دەنگی ناڕازیش بدزێ لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنێكی شەریكی ساختەدا”.

دەشڵێت، هاوڵاتییەك پارەی كارەبا نەدات كارەباكەی دەبڕن، بەڵام شاسوار عەبدولواحید 82 ملیار و 924 ملیۆن دیناری حكومەت قەرزارە، كە دەكاتە 10 هەزار و پێنج سەد هێندەی مووچەی پەرلەمانتارێك.

لەو بڕە پارەیەی قەرزی حكومەت دوو ملیار دیناری پارەی كارەبایە، وەك ئەوەی عەلی حەمەساڵح ئاماژەی پێدا و ئەوەشی وت، “نزیكەی 30 ملیۆن دۆلاری قەرزی خەڵكی لە ئەستۆدایە و نایداتەوە”.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، شاسوار عەبدولواحید پڕۆژەی چاڤیلاندی بە گرێبەستێكی ناڕاست فرۆشتووە بە شۆفێری برایەكی خۆی، تا خۆی لە بەرپرسیارێتییە یاسایی و داراییەكان بدزێتەوە.

روونیشیكردەوە، حكومەت سێ پارچە زەوی بێبەرامبەر پێداوە كە بەهاكەی زیاتر لە 120 ملیار دینارە، قەرزی پێداوە و دەیەوێت بە فرۆشتنەوەی ئەو زەوییانەی بێبەرامبەر وەریگرتووە قەرزەكانی لێوەربگرێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، لە ماستەر پلانی گوندی ئەڵمانی 122 دۆنم، كورد سیتی 152 دۆنم، چاڤیلاند 332 دۆنم و نالی سیتی 72 دۆنم چەندین قوتابخانە، بنكەی تەندروستی، بنكەی ئاگركوژێنەوە و باخچە هەن، هیچی نەكراوە و كەسیش قسە ناكات، بەڵام هاوڵاتییەك كارێكی لەو جۆرە بكات دەدرێتە دادگا.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی کەرکوک: ئەو خەسووەی بە سوتاندنی بوکەکەی تۆمەتبارکرا هەڵات

بابەتی دواتر

پەروەردەیەک فۆڕمی وانەبێژی دابەشدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share