سكرتێرى گشتیى نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایدەگەیەنێت، ئەو جەنگەى مرۆڤ بەرامبەر سروشت دهیكات “هەوڵى خۆكوشتن”ە و دەشڵێت، پیسبوونى ئاووهەوا ساڵانە دەبێتە هۆى “مردنى نۆ ملیۆن كەس”.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سكرتێرى گشتیى ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی كانونی یەكەم لە میانى بەشداریكردنی لە پانێلێك لەژێر ناونیشانی “دۆخى هەسارەكە” كە لە زانكۆى كۆلۆمبیا ڕێكخرا، وتارێكى پێشكەشكرد و وتی، “پیسبوونى ئاووهەوا ساڵانە دەبێتە هۆى مردنى نۆ ملیۆن كەس و ئەم ژمارەیە شەش هێندەى مردنە بەهۆى پهتا جیهانگیرهكان”.
ئاماژەى بەوەشكرد كە 75%ی نەخۆشیە گوازراوەكان لە ئاژهڵانهوه بۆ مرۆڤ دەگوازرێنهوه و هۆشیارى ئەوەشىدا كە جیهان هاوكات بهرهوڕووی كارەساتى كهشوههوا دەبێتەوە.
سكرتێرى گشتیى نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو جەنگەى كە مرۆڤ لە بەرامبەر سروشتدا دهیكات بە “هەوڵى خۆكوشتن” لهقهڵهمدا و باسی لهوهكرد چاككردنى هەسارەكە تەنها “تاقیكردنەوەیەكى ئەخلاقى” نییە، بەڵكو لە هەمانكاتدا پێویستە ببێتە كاری لهپێشینهی هەموو كەس لە سەدەى بیست و یهكدا.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس دوپاتیكردەوە، “ڤاكسینێكمان نییە بۆ هەسارەكە. سروشت پێویستى بە فریادڕەسێكە”.
ئەوەشی وت، “پێویستە چاكبوونەوە لە دواى ڤایرۆسى كۆرۆنا و چاككردنەوەى هەسارەكە ببێتە دوو ڕووى مەدالیاكە”.
مەترسییەكی گەورەتر لە كۆرۆنا هەڕەشە لە زەوی دەكات
لە 17ی تشرینی دووەمی ڕابردوو یەكێتی نێودەوڵەتی كۆمەڵەكانی خاچ و مانگی سوور لە ڕاپۆرتێكیدا دەربارەی كارەساتەكانی جیهان لە شەستەكانەوە ئاماژە بەوەدەكات كە گۆڕانی ئاووهەوا بەردەوامە لە خستنەوەی قوربانییان.
ڕێكخراوەكە، كە بارەگا سەرەكییەكەی لە جنێف-ە، ئەوەی خستەڕوو كە زیاتر لە 100 كارەسات ڕویداوە دوای ئەوەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی پەتای كۆرۆنای نوێی ئاشكراكرد ئەمەش لەماوەی نێوان ئازار تا تشرینی یەكەمی ڕابردوو، كە بەرۆكی زیاتر لە 50 ملیۆن كەسی گرتووە.
جاگان شاباگان، ئەمینداری گشتی ڕێكخراوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، “بەدڵنیاییەوە، كۆڤید لێرەیە، خێزانەكانمان توشدەكات، هاوڕێكانمان، كەسوكارمان (…) گرفتێكی زۆر مەترسیدارە كە ئێستا ڕوبەڕووی جیهان بووەتەوە”.
بەڵام “گۆڕانی ئاووهەوا بەبڕوای ئێمە كاریگەری گەورەتری دەبێت لە مەودای مامناوەند و دوردا بەسەر ژیانی مرۆڤایەتی و زەویدا” زیاتر لە كۆڤید 19 كە تائێستا بووەتەهۆی گیان لەدەستدانی 1.3 ملیۆن كەس لە كۆتایی ساڵی 2019ەوە، وەك ئەوەی ئەمیندارەكە دەیڵێت.
جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، ئەگەر بەخت یاوەرمان بێت لە ساڵی داهاتوودا ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنامان دەبێت ئەگەر كاروبارەكان بە باشی بڕوات بەڕێوە، “بەڵام بەداخەوە ڤاكسینێك دژ بە گۆڕانی ئاووهەوا لەئارادانییە”.
بەوتەی ئەمینداری ڕێكخراوەكە پێویستمان بە جوڵە و وەبەرهێنانی زیاتر و بەردەوامە بۆ پاراستنی ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی لەسەر زەوی.
بە تەنها لە ساڵی 2019دا 308 كارەساتی دەرئەنجامی مەترسییە سروشتییەكان ڕویداوە و، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 24 هەزار و 400 كەس لە جیهاندا، كە 77%یان كارەساتی كەشوهەوا و ئاووهەوایە.
ژمارەی كارەساتەكانی ژینگە و كەشوهەوا لە شەستەكانی زیادیكردووە و لە حەفتاكاندا بە نزیكەی 35% زیادبووە.
بە تەنها لە 10 ساڵی ڕابردووشدا كارەساتە سروشتییەكان بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 410 هەزار كەس، كە زۆرینەیان لە وڵاتانی هەژار و كەمدەستدا بووە.
گۆڕانی ئاووهەوا بووەتەهۆی زیادبوونی كارەساتە سروشتییەكان
نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سنووردانان بۆ مەترسیی كارەساتەكان لە ڕاپۆرتێكیدا لە تشرینی یەكەمی ڕابردوو ڕایگەیاند، لەماوەی نێوان ساڵی 2000 بۆ 2019، ژمارەی ئەو ڕوداوە سروشتییانە ڕویانداوە حەوت هەزار و 348 ڕوداو بوون، بەهۆیانەوە 1.23 ملیۆن كەس بوونەتە قوربانی و زیانی 2.97 ترلیۆن دۆلاری لێكەوتووەتەوە.
شارەزایان پێیانوایە، وڵاتانی گەورە پیشەسازی جیهان بەرپرسیاریەتیی گەورەیان لە تێكچوونی ئاووهەوا دەكەوێتەسەر، ئەو ڕێوشوێنانەش كە دەگیرێنەبەر، زۆركات سستن و گونجاو نین لەگەڵ قەبارەی مەترسییەكان.
لە ساڵی 2016 ڕێككەوتنی پاریس بۆ ئاووهەوا ئەنجامدرا لەپێناو كەمكردنەوەی ئەوەی ناودەبرێت بە “گەرمبوون” لە جیهاندا بۆ كەمتر لە 2%.
ڕێككەوتنە گەورەكە، كاردەكات لەسەر سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئامانجەكان هەموو پێنج ساڵ جارێك، سەرەڕای پێشكەشكردنی هاوكاری دارایی بە وڵاتانی هەژار.
لە ساڵی 2017 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كشانەوەی وڵاتەكەی لە ڕێككەوتنی پاریس تایبەت بە ئاووهەوا ڕاگەیاند و وتی، زیان بە ئابوریی ئەمریكا دەگەیەنێت و دواتریش ڕێگرییەكانی تایبەت بە پێوەرەكانی ژینگە كەمكردەوە.