بە برینداری و بێ ددان دۆزراوەتەوە.. دایكێك 30 ساڵ كوڕەكەی دەستبەسەردەكات

پۆلیس چواردەوری شوقەكەی داوە كە دەكەوێتە ناوچەی هانینجە لە باشووری ستۆكهۆڵم

پۆلیسی سوید ژنێكی تەمەن 70 ساڵی دەستگیركرد بەهۆی گومانلێكردنی بە دەستبەسەركردنی كوڕەكەی لەنێو شوقەیەكی “قێزەون”دا لە ستۆكهۆڵمی پایتەخت بۆ ماوەی نزیكەی 30 ساڵ.

ئەم تاوانە ڕۆژی یەكشەممە ئاشكراكرا پاش ئەوەی پیاوە چل ساڵانەكە لەلایەن یەكێك لە كەسە نزیكەكانییەوە دۆزرایەوە، “كە ددانی لەدەمدا نەماوە و برینداری جیاجیا بەجەستەیەوە بووە”، وەك ئەوەی ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە.

ئیما ئۆلسۆن، داواكاری گشتی ستۆكهۆڵم ئاشكرایكرد، لە شوقەكەدا بە برینداری دۆزراوەتەوە، ئاماژەی بەوەشكرد كە ڕەنگە بۆ ماوەی 30 ساڵ بەندكرابێت.

داواكاری گشتی ڕوونیشیكردەوە، دایكی ڕەتیدەكاتەوە كوڕەكەی بەندكردبێت و ئازاری جەستەیی دابێت، بەڵام وردەكاری زیاتری ئاشكرانەكرد جگە لەوەی قوربانییەكە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.

پۆلیس چواردەوری شوقەكەی داوە كە دەكەوێتە ناوچەی هانینجە لە باشووری ستۆكهۆڵم بەمەبەستی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە.

میدیاكانی سوید لەسەر زاری ئەو كەسەی قوربانییەكەی دۆزیوەتەوە ئاشكرایانكرد، كاتێك بینیویەتی بە بەتانییەك داپۆشراوە، دانی لەدەمدا نەماوە و، توانای قسەكردنی نەبووە، جەستەشی برین و جێی لێدانی پێوەبووە، هەروەك شوقەكەش پڕ فەوزا بووە.

ئەو ئافرەتە ئەوەشی ڕوونكردوەتەوە یەكەمین جار كە ئەو كوڕەی بینیووە نزیكەی 20 ساڵ لەمەوبەر بووە، ئەوەشی وتووە كە دایكی لە خوێندنگە دەریهێناوە كاتێك تەمەنی لەنێوان 11 و 12 ساڵاندا بووە.

تائێستا هۆكاری هێشتنەوەی قوربانییەكە بۆ ئەو ماوە درێژە نەزانراوە، بەڵام وتەبێژی پۆلیس بە ڕۆیتەرزی وتووە، “لێكۆڵینەوە لەو ماوەیە دەكەین كە كوڕەكە لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە كە پێشبینی دەكەین ماوەیەكی درێژبێت”.

بابەتی پێشتر

سەنگەسەر.. لە شەڕی نێوان دوو دراوسێدا 6 كەس برینداربوون

بابەتی دواتر

نەتەوە یەكگرتووەكان: پیسبوونى ئاووهەوا ساڵانە دەبێتە هۆى مردنى نۆ ملیۆن كەس

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share