پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ڕێگەی حكومەتی ناوەندییەوە هەوڵی دەستەبەركردنی مووچەی تۆڕی پاراستنی خێزان بۆ هاوڵاتییانی كەمدەرامەتی خورماتوو دەدات و ناوی 1160 خێزان پەسەندكراون.
مەلا كەریم شكور ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا، باسی لە هەوڵەكانی دەستەبەركردنی مووچەی تۆڕی پاراستنی خێزان بۆ خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین كرد و ئاشكرایكرد، بە هەوڵەكانی ئەوان و وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە وەكالەت، ئەو مووچەیە بۆ 1160 خێزان دەستەبەردەكرێت.
ئەندامەكەی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە نوێنەری خورماتووە لە ئەنجومەنی نوێنەران وتی، سەردانی وەزارەتی دادیان كردووە بۆ بەدواداچوون و چارەسەركردنی كۆمەڵێك گرفتی یاسایی و دادگاكان لە خورماتوو.
ڕایگەیاند، لیستی ناوی 1160 خێزانی سنوورەكەیان داوە بە وەزیری داد كە هاوكات وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتییە بە وەكالەت بە مەبەستی دەستەبەركردنی مووچەی تۆڕی پاراستنی خێزان، وەزیر ڕەزامەندیی دەربڕیوە مووچەیان بۆ ببەسترێت.
مەلا كەریم شكور جەختیكردەوە كە خەرجكردنی ئەو مووچانە تەنها هەندێك ڕێكاری كارگێڕیی ماوە و وتی، “ناوەكان دەنێردرێن بۆ پارێزگا و لەوێوە ڕەوانەی دەسەڵاتی خۆجێیی دەكرێن و دوای هەڵسەنگاندن و پاكتاوكردنیان، مووچە بۆ كەسانی شایستە دەستەبەردەكرێت و بەردەوامیش دەبین لە ناردنی ناوی خێزانی تری ناوچەكە”.