وتەبێژی دەوڵەتی یاسا بۆ ئێستا:
ئامادەین كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران بگۆڕین

بەها نوری، وتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نوری مالكی كە یەكێكە لە لایەنە سەرەكییەكانی چێوەی هەماهەنگی، نوێترین هەڵوێستەكانی چێوەی هەماهەنگی لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراقی بۆ “ئێستا” ئاشكراكرد و مەرجەكانیشیان بۆ قۆناغی داهاتوو دەخاتەڕوو.

دوایین خواست و مەرجی سەدرییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییەكان، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردنن. لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا، وتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، چێوەی هەماهەنگی ڕژدە لەسەر پێكهێنانی حكومەت و مەرجە حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت، دواتر لایەنەكان بڕیار لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدەن.

دەستبەرداربوون لە سودانی

دوای دەستنیشانكردنی محەمەد شیاع سودانی لە لایەن چێوەی هەماهەنگییەوە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ڕەوتی سەدر خۆپیشاندانی دەستپێكرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، بەڵام چێوە جار لە دوای جار پێداگیریی خۆی و دەستگرتنی بە كاندیدەكەیەوە دووپاتدەكاتەوە. بۆ یەكەم جار و بە شێوەیەكی فەرمی، وتەبێژی دەوڵەتی یاسا لارینەبوونی چێوەی لە گۆڕینی كاندیدەكەی بۆ “ئێستا” ئاشكراكرد و وتی، “تا ئێستا سودانی كاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام مەرج نییە نەیگۆڕین و ئامادەی گفتوگۆین لەبارەی كاندیدی پۆستەكەوە”.

ملنەدانی سەدر بۆ دەستپێشخەرییەكان

لەگەڵ زیاتر گرژبوونی دۆخەكەدا، چێوەی هەماهەنگی ئامادەیی خۆی بۆ دانوستاندن لەگەڵ سەدر نیشاندا و هادی عامریی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دانوستاندن. بەها نوری لەو بارەیەوە ئاشكرایكرد، تا ئێستا سەدر بەدەم دەستپێشخەرییەكانیانەوە نەهاتووە و هیچ گفتوگۆیەك نەكراوە.

حكومەت مەرجی هەڵبژاردنە

لەبارەی داواكاریی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، وتەبێژەكەی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، “پەرلەمان هەڵناوەشێندرێتەوە و قایلنین بەو بژاردەیە، چونكە عێراق تەنها موڵكی یەك پێكهاتە و لایەن نییە، بەڵكو برایانی كورد و سوننەش هاوبەشن” و وتی، “پێكهێنانی حكومەتی نوێ مەرجە و بە هیچ شێوەیەك قایلنابین ئەم حكومەتە هەڵبژاردن ئەنجامبدات، بەڵكو دەبێت حكومەتێكی نوێ پێكبهێنرێت و دواتر لایەنەكان بڕیار لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدەن”.

بابەتی پێشتر

عەلی حەمەساڵح: دوو ئیدارەیی گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار

بابەتی دواتر

لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا ژن و مێردێك گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

حكومەت بە بازرگانانی قەرزدار ناوێرێت.. وا بڕوات وەرگرتنەوەی قەرز لە سەرمایەداران 100 ساڵی دەوێت

سەرمایەدار و بازرگانانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 905 ملیار دینار قەرزاری حكومەتن، كە پێشتر و لەچوارچێوەی “قەرزی ئاسانكاری”دا وەریانگرتووە،…
Total
0
Share