چوارچرا لە 10ی خاكەلێوەدا
ساڵیادی لەسێدارەدانی سەرۆکی یەکەم کۆماری کوردستان

پێشەوا قازی محەمەد سەرۆكی یەكەم كۆماری كوردستان

ئەمڕۆ 31ی ئازار (10ی خاكەلێوە) 75 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد سەرۆكی یەكەم كۆماری كوردستان، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی و ئەبولقاسم سەدر قازی تێدەپەڕێت.

قازی محەمەد (1ی ئایاری 1893 – 31ی ئازاری 1947) دادوەر و یەكەم سەرۆك كۆماری كوردستان. ئەو یەکێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ناوچەی موکریان بوو کە لە ساڵی 1946 بە ھاوکاری چەند کەسێکی دیکە وڵاتێکی سەربەخۆیان لە شاری مەھاباد دامەزراند و دوای ڕووخانی کۆمار لە ساڵی دواتردا قازی لەگەڵ ھاوڕێکانی لەلایەن حکومەتی پەھلەوی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەھاباد لەسێدارەدرا.

قازی محەمەد، کوڕی قازی عەلی، لە بنەماڵەیەک لەدایکبووە کە ناوبانگی لە شاری مەھاباد بۆ چوار سەدە پێشتر دەگەڕێتەوە. ئەوان نەک تەنیا لەلای خەڵک بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حکومەتیش، جێگەی ڕێز و پێزانین بوون. قازی عەلی باوکی، لە 1930 لە مەھاباد ڕێکخراوێکی کوردی بەناوی بزوتنەوەی محەمەد پێکھێنا. ناوبراو لەگەڵ جوڵانەوەی شێخ محەمەد خیابانی لە تەورێز پەیوەندی ھەبوو كە تا كۆچی دواییكردنی بەردەوام بوو.

قازی عەلی، دوو کوڕی ھەبووە، یەکیان ئەبوالقاسم قازی (ناسراو بە سەدری قازی) کە دوو خول لەلایەن خەڵکەوە کراوەتە نوێنەری پەرلەمان و جێبڕوا و کاریگەرێتی تایبەتی ھەبووە.

قازی محەمەدیش لە منداڵی و لاوی دا زۆر خولیای زانست و فێربوونی زمانە بیانییەکان بووە و جگە لە عەرەبی و فارسی، لەگەڵ زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی و ئێسپێرانتۆ و تا ڕادەیەکیش ڕوسی ئاشنایەتی کردووە.

دەستپێکی فەرھەنگی
دوای مردنی باوکی، بوو بە دادوەر (قازی)ی شار. لەبەر ئارەزووی خۆی بۆ کاری فەرھەنگی و بردنەسەرەوەی زانیاری خەڵک، لە ساڵەکانی بەر لە 1941 و دوای ئەوەش بەرپرسارێتی فەرمانگەی فەرھەنگ و ئەوقافی شاری مەھابادی لەئەستۆگرتووە و خزمەتی بەرچاوی فەرھەنگی کردوە و لە کاتی بەرپرسایەتیی ئەودا، یەکەم قوتابخانەی کچان لە مەھاباد کراوەتەوە.

لە ساڵانی 1941 تا 1945، بەڕێوبەرایەتی ئەو لە پێشبردنی کاروبارەکاندا و بە تایبەتی لە چارەسەریی کێشە عەشیرەیییەکاندا دەورێکی بەرچاو بووە. زۆر لە گرفتەکانی کاری ڕۆژانەی خەڵک لە دیوانی ئەودا کە مەحکەمەیان پێدەوت، چارەسەربووە.

یەكگرتوویی كورد
وەک ئەوەی لە وەسیەتەکەیدا ھاتووە، قازی محەمەد بڕوای وابووە كە برایەتی و یەکگرتوویی کوردی گەورەترین ھۆی سەرکەوتن-ە. ھەربۆیە لە زۆربەی وتارەکانی کە لە ڕۆژنامەی کوردستان، ئەوکات چاپ کراون لەسەر بابەتی یەکێتی و برایەتی دواوە و مەرجی سەرکەوتن و کۆڵەکەی ڕاگرتنی کۆمار و ھۆی سەرکەوتن بەسەر دوژمنانیدا زانیوە.

ھەرچەند دەیزانی دوژمنانی کورد ڕاست ناکەن، بەڵام لە وتووێژدا زۆر بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیاند کورد حەزدەکات لە ڕێگای ئاشتییەوە بە مافی خۆی بگات، بەڵام ئەگەر وانەبێ ئەوەی بۆی بکرێ دەیکات.

لە پێش کۆماردا جاربەجارە لە ڕۆژنامەی کوردستان بە ناوی پێشەوا باسی لێدەکرا، لە دوای دامەزرانی کۆمار بە شێوەی فەرمی نازناوی پێشەوای پێبەخشرا.

ڕاگەیاندنی كۆمار
قازی محەمەد کە بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی (ژ. ک) و ناوی نھێنی بینایی بۆ دانرا، ھیوایەکی زیاتری بۆ بەرپرسان و خەڵک پێکھێنا. لە ئاکامی تێگەیشتنی بە وەخت و ئازایەتی سیاسی ئەو و بە قەناعەت گەیشتنی بەرپرسانی کۆمەڵەدا بوو کە (ژ. ک) بوو بە حیزبی دیموکراتی کوردستان و وەک حیزبێکی دیموکرات و پێشکەوتوو دەستیکرد بە تێکۆشان و خەباتی سیاسی. قازی لەبەر ڕێزی تایبەتی کە بۆ (ژ. ک)ی ھەبوو، بناغەی دامەزرانی حیزبی دیموکراتیشی ھەر بە 25ی گەلاوێژ، ڕۆژی دامەزرانی ژ. ک دانا. حیزب زۆر بە خێرایی پەلوپۆی سەند و تێکۆشانی لە ھەموو ناوچەی ئازادی کوردستان دا پەڕەیسەند. قەیرانی بە زۆر لکاندنی کوردستان بە ئازەربایجانەوە چارەکرد و ناچاریكردن حیسابی جیاواز بۆ کوردستان بکەن. لە یەکەم کۆنگرەدا، لە 22ی كانونی دووەمی 1946 (2ی ڕێبەندانی 1324ی کۆچیی ھەتاوی) بە بەشداریی نوێنەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆک عەشیرەت و نوێنەرانی ھەموو چین و توێژەکانی کوردستان پێکھاتنی یەکەم کۆماری کوردستان ڕاگەیەندرا.

لە ماوەی دەسەڵاتداڕی کۆماری کوردستان ئەوەی پێویست بوو زۆر بە ڕاشکاوی بە شای ئێران و قەوام (سەرۆک وەزیرانی کاتی ئێران) ڕاگەیاندوە، قامکی لەسەر لاوازییەکانیان بەرامبەر بە گەلی کورد داناوە. بە ئاشکرا پێیوتون، ئێوە لە قسەکانی خۆتاندا دوودڵن و ناتانەوێ مەسەلەی کوردستان چارەسەربکەن.

ڕووخانی کۆمار
دوای وتووێژی زۆر، تاران و کۆماری کوردستان بە خاڵێکی ھاوبەش نەگەیشتن و گرفتەکان چارەسەرنەکران. تاران لە پێشدا ھێرشی كردەسەر تەورێز بۆ ڕوخاندنی کۆماری ئازەربایجان و پاشان هێرشی بۆسەر كوردستان ئەنجامدا.

ئەرتەشی ئێران لە 20ی سەرماوەرزی ساڵی 1325ی ھەتاوی (1946ی زایینی) گەیشتە شاری تەورێز و ڕۆژی دواتر بە ھەڵاتنی سەرۆکانی کۆمار بۆ سۆڤیەت کۆماری ئازەربایجان ڕوخا. دوای ئەوە ئەرتەش بەرەو مەھاباد بەرێكەوت و ڕۆژی 29ی سەرماوەرز گەیشتە شارەكە كە پایتەختی كۆماری كوردستان بوو و پاش 11 مانگ كۆتایی بە كۆمارەكە هات.

دادگاییکردنی قازی
لە 6ی ڕێبەندانی ھەمان ساڵ (1947ی زایینی) لیژنەی تایبەت کە لە تارانەوە ھاتبوون بە سەرۆکایەتی سەرھەنگ ڕەزا دەگەنە مەھاباد و لە 19ی كانونی دووەم دادگایی (قازی محەمەد، سەدر قازی و سەیف قازی) ڕێكدەخەن و دادگاكە بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەردەكات.

دادگایی دووەمیش لە 28ی ئازاری 1947 ئەنجامدرا و ڕۆژی 30ی هەمان مانگ كۆتایی هات و هەمان بڕیار دەرهەق بە پێشەوا و هاوەڵانی درا.

سێدارە
لە بەرەبەیانی 10ی خاکەلێوەی ساڵی 1326ی ھەتاوی (31ی ئازاری 1947) پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خانی سەیف قازی (ئامۆزای پێشەوا) و ئەبولقاسم سەدر قازی (برای پێشەوا) لە چوارچرای شاری مەھاباد، واتە ھەر لەو شوێنەی کە کۆماری کوردستان لێی ڕاگەیەندرابوو، لەسێدارەدران و شەھیدکران.

س: ویكیپیدیا + میدیاكان

بابەتی پێشتر

كەشوهەوای سبەینێ بۆ سەیران گونجاوە

بابەتی دواتر

دەستپێشخەرییەكەی چێوەی هەماهەنگی كەی دەخرێتەڕوو؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share