وەتسئەپ گۆڕانكارییەكی تری لە خزمەتگوزاری و تایبەتمەندییەكانیدا كرد و ژمارەی ئەندامانی گرووپەكانی زیادكرد.
لە درێژەی نوێگەری و گۆڕانكارییە بەردەوامەكانی وەتسئەپ-دا، ئەپلیكەیشنەكە ژمارەی ئەو كەسانەی زیادكرد كە بەشداریی لە گرووپەكاندا دەكەن و 512 كەس دەتوانن ببنە ئەندامی یەك گرووپ.
پێشتر و دوای چەند گۆڕانكارییەك، تەنها 100 كەس دەیانتوانی ببنە ئەندامی گرووپی وەتسئەپ و بەشداریی گفتوگۆی دەنگی، ڤیدیۆیی، ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری، نووسین و وێنە بكەن.
لە گۆڕانكارییەكەی ئەمجارەی وەتسئەپدا، بەكارهێنەران دەتوانن ئەندامەكانی پێشووی گرووپ ببینن و ناوی ئەو كەسانەش ببینن كە بلۆككراون.
چەند مانگێك لەمەوبەر وەتسئەپ چەندین گۆڕانكاریی لە تایبەتمەندییەكانیدا كرد، لەوانە لابردنی تایبەتمەندیی “كارا”ـیە بۆ ئەوەی بەرامبەرەكەت نەزانێت تۆ لەسەر هێڵیت یاخود بەردەستیت.
هەروەها گۆڕانكارییەكانی وەتس ئاپ نامە دەنگییەكانیان گرتەوە، بە جۆرێك بەكارهێنەر دەتوانێت لە كاتی خوێندنەوەی نامە نووسراوەكاندا، گوێ لە نامەی دەنگی بگرێت، لەگەڵ ڕاگرتنی كاتیی تۆماركردنی نامەی دەنگی، بۆ ئەوەی مەودایەكی درێژی بێدەنگی نەكەوێتە قسەكانی بەكارهێنەرەوە كاتێك بیر لەوە دەكاتەوە لە نامەكەدا چی تر بڵێت.