پاریس.. پێكدادان لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا ڕوویدا

دیمەنێك لە خۆپیشاندانەكان

بەهۆی ناڕەزایی لەسەر پرۆژەیاسایەكی نوێی فەڕەنسی، خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە لە پاریس-ی پایتەخت درێژەی هەیە و میدیاكان دەڵێن، ڕوبەڕوبوونەوە لەنێوان پۆلیس و ناڕازییان ڕوویداوە.

خۆپیشاندانەكە ئەمڕۆ شەممە 28ی تشرینی دووەم لە گۆڕەپانی كۆماری لە ناوەڕاستی پاریسی پایتەخت دەستیپێكردووە و خۆپیشاندەران ئاگریان كردووەتەوە و لەبەرامبەردا كارمەندانی ئاگركوژێنەوە هەوڵی كوژاندنەوەیان داوە.

بەپێی میدیاكان پێكدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان زیادیكردووە پاش ئەوەی پێنجشەممەی ڕابردوو پۆلیس پەلامارێكی پیاوێكی ڕەشپێستی دا.

خۆپیشاندانەكە بە تەنها لە پاریس نییە، بەڵكو لە ژمارەیەكی دیكەی ناوچەكانی فەڕەنسا ئەنجامدراوە بۆ ناڕەزایی نیشاندان بەرامبەر ئەو یاسایەی لەلایەن ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكانەوە بە پێشێلكردنی ئازادییەكان ناودەبرێت.

بەندەكانی پرۆژەكە “یاسای گشتگیری ئاسایش” كە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی نیشتیمانییەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكرا و بەتایبەت ئەو بڕگانەی تایبەتە بە بڵاوكردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی كارمەندانی پۆلیس لەكاتی ئەركەكانیاندا، هەروەها بەكارهێنانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و كامێرای چاودێری لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كرۆكی ناڕەزاییەكان لەخۆدەگرێت.

بەپێی ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكان پرۆژەیاساكە لێدانە لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی میدیایی و ئازادی ڕادەربڕین، واتە بەشێوەیەكی گشتی ئازادییە گشتییە سەرەتاییەكان لە فەڕەنسا.

مادەی 24ی پرۆژەكەش كە چاوی ناڕازییانی لەسەرە باس لە زیندانیكردن بۆ ماوەی ساڵێك و پێبژاردن تا 45 هەزار یۆرۆ دەكات بەرامبەر هەر كەسێك وێنەی كارمەندانی پۆلیس بڵاودەكاتەوە بە “نیەتی خراپ”.

لە بەرامبەردا حكومەتی فەڕەنسا دەڵێت ماددەكە بەمەبەستی پاراستنی كارمەندانە كە ڕوبەڕووی هەڵمەتی كینە و بانگەشەی كوشتن لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەبنەوە، جگە لەوەی وردەكاریی ژیانیان بڵاودەكرێتەوە.

بەڵام ناڕازییان دەڵێن زۆرێك لەو توندوتیژییانەی پۆلیس ئەنجامیانداون ئاشكرانەدەبوون ئەگەر زومی ڕۆژنامەنوس و مۆبایلی هاوڵاتییان نەیانگرتنایە.

بابەتی پێشتر

بەڕێوبەری هاتوچۆی سلێمانی چی دەڵێت لەبارەی بایكۆتی دەوامەوە؟

بابەتی دواتر

ساسولۆ 0-3 ئینته‌رمیلان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share