باری لەناكاو ڕانەگەیەندراوە
بۆ نوێژی هەینی هەزاران ئۆتۆمبێل بەرەو بەغداد دەچن

لە وەڵامدانەوەی داواكاری سەدر-دا هەزاران ئۆتۆمبێل لە شارەكانی باشوورەوە بەرەو بەغداد لە جوڵەدان، تائێستا هیچ بڕیارێك بۆ ڕاگەیاندنی باری لەناكاو لەئارادانییە.

بڕیارە سبەی هەینی لەسەر داواكاری ڕەوتی سەدر شوێنكەوتووانی ڕەوتەكە نوێژی یەكخراو لە بەغداد ئەنجامبدەن. ئەگەرچی لە ناوەرۆكدا نوێژی هەینی یەكێكە لە پابەندییە ئاینییەكان، بەڵام ئەوەی سبەی هەڵگری پەیامی سیاسیشە.

بۆ نوێژكردنەكە لە سەرجەم شارەكانی عێراقەوە شوێنكەوتووانی ڕەوتەكە بەرەو بەغداد دەگوازرێنەوە، بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی ئەمنیی بەرپرس ئەمڕۆ هەزاران ئۆتۆمبێل لە پارێزگاكانی باشوورەوە ڕوو لە پایتەخت دەكەن.

بەپێی میدیا عێراقییەكان، هێزە ئەمنییەكان ڕێوشوێنە ئەمنییەكانیان لە دەوروبەری شاری سەدر لە ڕۆژهەڵاتی بەغداد دەستپێكردووە، لەگەڵ بڵاوەپێكردنی تیمەكانی هەواڵگریی مەدەنی بۆ ڕێگری لە ئەگەری هەر ڕووداوێكی ناكاو.

بەپێی وتەی سەرچاوە ئەمنییەكان تائێستا هیچ فەرمانێك نەدراوە دەربارەی ڕاگەیاندنی باری لەناكاوی توند (پلە ج) لەنێو ڕیزی هێزە ئەمنییەكاندا.

لەو چێوەیەدا ئەمڕۆ جومعە عیناد وەزیری بەرگری لە بارەگای فەرماندەیی پڕۆسەكانی بەغداد كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی بە ئامادەبوونی فەرماندەی هێزە زەمینییەكان و فەرماندەی پڕۆسەكانی بەغداد و ژمارەیەك ئەفسەری دەستەی ئەركان ئەنجامدا.

سەرەتای ئەم مانگە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی یەكخراوی لە سبەی 15ی تەمموزدا كرد، هەمان ئەو ڕێككەوتەی یەكەم نوێژی یەكخراوی لە بەغداد تیائەنجامدرا كە محەمەد محەمەد سادق ئەلسەدر-ی باوكی دەستیپێكرد و دواتر لەسەر دەستی ڕژێمی پێشوو لەگەڵ دوو لە كوڕەكانیدا كوژران.

بابەتی پێشتر

عێراق 50%ی سامانی هەنگی لەدەستداوە

بابەتی دواتر

توركیا نرخی ڤیزای گرانكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share