سەرەڕای ئەو گرفتانەی كە نەخۆشی چەوریی جگەر دروستی دەكەن، بەڵام چاكبوونەوە لێی ئاسانە ئەگەر نەخۆشییەكە هەڵسوكەوت و خۆراكی بگۆڕێت و ڕوو بکاتە شێوازی ژیانێکی تەندروست، ئەوە چۆن دەکرێت؟ چاکبوونەوە چەندی دەوێت؟
نەخۆشی چەوریی جگەر بەو مانایەیە کە نەخۆشەکە چەوری لەناو جگەریدا هەیە کە بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێت کاریگەری لەسەر کارەکانی هەبێت و ببێتە هۆی زیان، وەک لە سایتی زانکۆی جۆنز هۆپکینز-دا باسی لێوەكراوە.
نەخۆشیی چەوریی جگەر بەپێی (جۆنز هۆپکینز) بەسەر دوو جۆردا دابەشدەبێت: ئەو جۆرەی بەهۆی خواردنەوەی کحولەوە دروست دەبێت و جۆرێكی دیكە كە بەهۆی كحولەوە نییە.
ئەگەر نەخۆشەکە تەنها چەوری هەبێت، بەڵام هیچ زیانێک بە جگەری نەگەیشتبێت ئەوە پێی دەوترێت “نەخۆشی چەوریی جگەر”، بەڵام ئەگەر چەوری لە جگەریدا هەبێت لەگەڵیشیدا نیشانەکانی هەوکردن و تێکچوونی خانەکانی جگەر هەبێت، ئەوا پێی دەوترێت “steatohepatitis”.
ماڵپەڕی “T-Online”ی ئەڵمانی ئاماژەی بەوەکردووە، “چەوریی جگەر” بەگشتی بەهۆی کێشی زیادە یان خواردنەوەی بڕێکی زۆر کحولەوە دروست دەبێت، بە پشتبەستن بە پێگە پزیشکییەکان. بۆیە دەبێت تووشبووان خۆیان ڕێوشوێن بگرنەبەر بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت لەو چەورییە زیادەیەی لە جگەردا هەیە. پلانی چارەسەرکردنەکە بریتییە لە، خواردنی خۆراکی تەندروست، وەرزشکردن و دوورکەوتنەوە لە کحول (و ماددە هۆشبەرەکانی دیكە).
بەڵام گۆڕانکاری بەرەو خوی تەندروست ئاسان نییە و بەزۆری پێویستی بە دیسپلینێکی زۆر و هەندێک کاتە، هەربۆیە زۆر کەس پرسیار دەکەن، جگەرێکی چەور چەند کات دەخایەنێت تا چاک دەبێتەوە؟
هەرچەندە وەڵامێکی گشتگیر نییە، بەڵام کاتی چاکبوونەوە لەنێو شتەکانی دیكەدا بەندە بە هۆکاری چەوریی جگەرەوە. بەپێی هەواڵێکی سایتی تی ئۆنلاین، ئەگەر زۆر خواردنەوەی کحول هۆکارەکە بێت، ئەوا ئەو چەورییەی لە جگەردا کۆدەبێتەوە دەكرێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کەم ببێتەوە، ئەگەر توشبووان بتوانن واز لە خواردنەوەی کحول بهێنن.
ئەگەر چەوریی جگەری بە پلەی یەکەم لە ئەنجامی کێشی زیادەوە بێت، ئەوا چاکبوونەوەی ڕەنگە زیاتر بخایەنێت، بەپێی سایتەکە، چونکە زۆرجار دابەزاندنی کێش کاتێکی زیاتری دەوێت. لەم حاڵەتەدا ئەوە ماوەی شێوازی ژیانێکی تەندروست نییە کە یەکلاکەرەوەیە، بەڵکو کاریگەرییەکەیە. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە تێکچوونی چەوری لە جگەردا لە ڕاستیدا ڕێژەیی دەبێت لەگەڵ دابەزاندنی کێش، واتە “تا خەڵک بە گشتی کێشیان دابەزێنێت، چەوری کەمتر لە جگەریاندا دەبێت”.
بەپێی توێژینەوەكان، یەكەم باشتربوون بەدیدەكرێت دوای ئەوەی تەنها چەند كیلۆگرامێكی لەش دادەبەزێت. بەمپێیە تەنانەت پێدەچێت دابەزاندنی کێش لە سەدا پێنج هۆکارێک بێت بۆ باشتربوونی، بەڵام بۆ چاکبوونەوەی تەواوەتی جگەر، پسپۆڕان پێشنیاری کەمکردنەوەی کێشی لە سەدا دە دەکەن. دابەزاندنی کێش بەم ڕێژەیە بەزۆری چەند مانگێکی دەوێت، هەرچەندە مرۆڤ چەند خێرا دەتوانێت کێشی لەش داببەزێنێت، بەندە بە باری جەستەیەوە.